سکاڵاکانی توندوتیژی دژ بەژنان ٧٧٪ کەمیان کردووە

‌مانگی ڕابردوو تەنها ١٦٠ سکاڵا لەو بەڕێوەبەرایەتیانەدا تۆمار کراوە.



وێستگه‌ نیوز- رۆژ نیوز

لە کاتێکدا توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی دژ بە ژنان بەهۆی کەرەنتینەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕووی لە هەڵکشان کردووە، کەچی لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکان کەمی کردووە، بەڵام نازانرێت لەبەر نالەباری دۆخەکەیە کەوا ژنان سکاڵایان تۆمار نەکردووە، یان لێکتێگەیشتنی خێزانەکانە لەم ماوەیەدا کە وایکردووە تۆمارکردنی سكاڵا بەڕێژەی لە ٧٧٪ کەم بکات.

لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەی هاوڵایان لە ماڵەکانی خۆیان، لە هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی سکاڵای توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێژەی لە ٧٧% کەمیکردووە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، مانگانە ٦٧٠ سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت، بەڵام مانگی ڕابردوو تەنها ١٦٠ سکاڵا لەو بەڕێوەبەرایەتیانەدا تۆمار کراوە.

ئەو ئامارە لە کاتێکدایە قەدەغەی هاتووچۆ و نەبوونی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەردەوامی هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٤ مانگی ڕابردوودا بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەکردنی هاووڵاتیانی لە ماڵەکانیاندا ڕاگەیاند، وەک هەنگاوێک لەپێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە کە تا ١٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

هەرچەندە کەمبوونەوەی سکاڵاکان لەماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و قەیرانی کۆرۆناوە تۆمار کراون، بەڵام هێشتا نازانرێت هۆکاری ئەو کەمبوونەیەوە چییە، ئەگەرچی بەشێکی زۆری پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە قەدەغەی هاتووچۆو بەردەست نەبوونی دامودەزگاکانە لەم کاتەدا، بەڵام بەشێک لە ماف پەروەران ڕای جۆراو جۆریان هەیە لەمبارەیەوە.

ئارام محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە دهۆک پێیوایە، کەرەنتینە سوودی بە خێزانەکان گەیاندووە لەهەرێمی کوردستان و پێکەوە کۆی کردوونەتەوەو لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوانیاندا دروستبووە بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو.

هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان لە سلێمانی کەمبوونەوەی سکاڵاکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی کە ئێستا هەیە و پێیوایە، خێزانەکان لەم کاتەدا زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دۆخەکە دەکەن و ئەولەوییەتیان تێپەڕاندنی قەیرانەکەیە نەک کێشەکانی خۆیان.

موقەدەم هیوا دەڵێت: مانگی ڕابردوو تەنها ٣٩ سکاڵا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، لە ٧٥%ی سکاڵاکانیش توندوتیژی بووە بەرامبەر بە ژنان لەلایەن پیاوانەوە.

بە هەمان شێوە فریاد هیدایەت، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان لە گەرمیان هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی سکاڵاکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەم قەیرانە تەندروستییەی کە بەهۆی کۆرۆناوە بەرۆکی خەڵک و حکومەتی گرتووە.

فریاد بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، پێدەچێت بەشێک لە سکاڵاکەران سکاڵاکانیان بۆ دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆو ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە هەڵگرتبێت.

ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی خێزانی لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نیشانی دەدەن کە ئامارەکان لە جیهاندا زیادیان کردووە، بە جۆرێک لە وڵاتانی چین و یۆنان و ئیسپانیا و بەرازیل دۆخەکە بۆ ژنان و منداڵان سەختتر بووە، بە نموونە لە هەرێمی هۆبی چێن کە یەکەمجار ڤایرۆسەکە تێیدا بڵاوبویەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ کەرەنتینە کرا، ڕێژەی توندوتیژی سێ بەرامبەر زیادی کردووە.

لە بەرازیل کەیسەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە راددەی ٤٠% تا ٥٠% زیادیانکرد، لە چەند وڵاتێک بەهۆی نەبوونی دامودەزگای پەیوەندیدارەوە، حکومەت هێڵی گەرمی بەهاناوەچوونی بۆ خیزانەکان ڕاگەیاند لەگەڵ ئەوەشدا ڕێنمایی ژنان کرا لە فەرەنسا کە دەتوانن لە دەرمانخانەکاندا داوای هاوکاری و بەهاناوەچوونی پۆلیس بکەن.

بەپێی ڕاپرسییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە ٢٤ی مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ٢٥.٧٪ی ئەو کەسانەی بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردبوو، کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانییان بۆ دروستبووە لەماوەی قەدەغەی هاتووچۆو کەرەنتینەدا.

زیاتر لە ٢٢٠ ناوەند، ئەنجومەن، بەڕێوبەرایەتیی و ڕێکخراوی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەردوو جۆری حکومیی و ناحکومیی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.


AM:08:21:05/04/2020


ئه‌م بابه‌ته 3420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو