نەتەوە یەكگرتووەكان دوو ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی‌ هەژار تەرخاندەکات

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
سكرتێری‌ گشتیی‌ نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، بۆ پاڵپشتیكردنی‌ بەرەنگاربوونەوەی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنای‌ نوێ لە وڵاتە هەژارەكانی‌ جیهان، دەستیانكرد بە پلانی‌ دوو ملیار دۆلار بۆ هاوكاری‌ مرۆیی‌ جیهانی‌.


ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی‌ بەوەکردووە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی‌ كە خاوەن سستمێكی‌ تەندروستی‌ بەهێزن لە ژێر فشاری‌ ڤایرۆسەكەدان و كۆرۆنا گەیشتووەتە ئەو وڵاتانەشی‌ كە لە نوقمی‌ شەڕ، كارەساتی‌ سروشتی‌ و گۆڕانی‌ كەشوهەوا بوون، کۆرۆنا هەڕەشە لە هەموو مرۆڤایەتی‌ دەكات و هەوڵە تاك لایەنییەكانی‌ وڵاتان بەشناكات، پێویستە هەموو جیهان هەماهەنگ بن لە بەرەنگاربوونەوەی‌ ڤایرۆسەكە.

هۆشیاریشیداوە، هاوڵاتییانی‌ چەند وڵاتێکیش لە دۆخێكی‌ مەترسیدارن، چونكە تەنانەت ناتوانن ئاوی‌ خاوێن و سابوون بەدەستبهێنن و نەخۆشخانەكانیان قەرەوێڵەی‌ كەمە و ئامێری‌ هەناسەدانیان نیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا 471 هەزار و 687 کەس لە جیهاندا توشی کۆرۆنا بوون و 21 هەزار و 297 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، 114 هەزار و 696 کەسیش چاکبوونەتەوە.

هــ. ر

 


AM:08:56:26/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت