کێ لە پشت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؟


وێستگە نیوز - زوبێر رەسوڵ 

هەر زوو دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵكێکی زۆر بە شارەزاو ناشارەزاوە، پرسیاری ئەوەیان لا دروستبووە کە لایەنێکی دیاریکراو لە پشت بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بێت.

 
نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە سەر ئاستی جیهانیشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە فۆرمێکی تازەیە لە ململانێی زلهێزەکان بۆ لاوازکردنی هەژموونی یەکتری، بۆ ئەم مەبەستەش ناوی هەر یەکە لە چین و ئەمریکا دێت. بەشێک لە خەڵک هەتا سیاسییەکانیش دەڵێن ڤایرۆسەکە دروستکراوی ئەمریکایە بۆ لێدان لە ئابوورییە بەهێزەکەی چین. بۆچوونێکی تریش هەیە کە دروستکردنی ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگە زانستییەکانی چین دزەی کردبێت و دواتریش لە کۆنترۆڵ دەرچووبێت.
 
هەڵبەتە خەڵک ناحەقی نییە کە بە نیەتی پلانگێڕی سەیری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، چونکە ئەگەر بە مێژووی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیاکاندا بچینەوە تا ئێستا چەندان هەوڵ هەبووە بۆ بەکارهێنانی بەکتریا و ڤایرۆسەکان وەک چەکێکی جەنگی. لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم ئەڵمانیای نازی هەریەکە ئەنتراکس و گلاندەرس، کۆلێرای وەک چەکێکی جەنگی دژی رووسیا بەکارهێناوە. بەهەمان شێوە یابانییەکانیش لە جەنگی جیهانی دووەم لە تاقیگە بایۆلۆژییەکانیان چەندان میکرۆبیان بەرهەمهێناوە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە دژی چین. ئەمریکاش چەندان تاقیگەی تایبەتی جەنگیان هەیە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە ڤایرۆسانە.
 
ئەگەر بە مێژووی ئەم جۆرە دەرد و پەتا جیهانییانەدا بچینەوە چەندان نموونەی گومانخستنە سەر لایەنی تر لە ئارادان. لە ساڵی 1918 کە ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبووەوە گومانی ئەوەی لێکرا کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەڵمانییەوە بڵاوکرابێتەوە. لە 2004 هیندستان، پاکستانی بەوە تاوانبار کرد کە بەناوی جیهاد خەریکی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی HIV ین لە کشمیر. کاتێکیش کە لە 2008 ئەنفلونزای باڵندە بڵاوبووەوە وەزیری تەندروستی ئەوکاتی ئەندەنوسیا ئەمریکای بەوە تاوانبار کرد کە سامپلی ڤایرۆسەکە بۆ دروستکردنی چەکی بایۆلۆژی بەکاردەهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش هەستان بە راگرتنی گشت چالاکییەکانی تیمی توێژینەوەی پزیشکی دەریایی ئەمریکای لە جاکارتا.
 
ئەوەی تایبەت بێت بە ڤایرۆسی کۆڤید-19، دەتوانین بڵێین کە لە رووی زانستییەوە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە ئەم ڤایرۆسە دروستکراوی هیچ لایەنێک بێت، واتا هیچ بەڵگەیەک پشتڕاستی ئەو تیۆرە پلانگێڕیە ناکاتەوە کە ئەو ڤایرۆسی دەستکردی لایەنێکی بێت لە دژی لایەنێکی تر. زاناکان دەڵێن رێگای تێناچێت کە جینەکانی ئەو ڤایرۆسە لە دروستکراوای مرۆڤ بێت، نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەستەمە هیچ وڵاتێک بتوانێت ڤایرۆسێکی بەو جۆرە جیناتە دروست بکات.
 
بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەقۆسترێتەوە بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی، بە تایبەتیش لای زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، رووسیا و چین، بۆ تۆمەتبارکردنی یەکتری. بۆ نموونە (ستیڤن بانەن) راوێژکاری باڵای پێشووی سەرۆک ترەمپ، هەر زوو چینی بەوە تاوانبار کرد بەوەی کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی وڵاتی چین دروستکرابێت و دواتریش دزەی کردبێت و بڵاوبوبێتەوە.
 
دوای ئەویش سیناتۆری کۆماریەکان (تۆم کۆتۆن) ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگە بایۆکیمیاویە ئاساییشییە باڵاکانی high-security biochemical lab شاری ووهان دیزاینکرابێت و لە کۆنترۆل دەرچووبێت. بەشێکی زۆری ئەم دیدگایە لە راستیدا پەیوەندی هەیە بەو دەنگانای کە خەریکە رۆژ بە رۆژ زیاددەبن لە ئەمریکا و ئەوروپادا بە لێدان لە هێز و پێگەی چین، دواتریش وێناکردنی وەک هێزێکی مەترسیدار بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا، کە زیاتر پروپاگەندەکانی سەردەمی جەنگی ساردمان بیردەخەنەوە.  بۆ نموونە هەر یەکە لە رۆژنامە دیارەکانی دەیلی مەیلی بەریتانی و واشنتن تایمسی ئەمریکی دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە ڤایرۆسی کۆڤید-19 دروستکراوە و بەشێکە لە پرۆگرامی جەنگی بایۆلۆژی کۆماری چین.
 
لەسەر ئاستی وڵاتی چینیش دیسان رایەک کە زۆر بەربڵاوە ئەوەیە کە ئەم ڤایرۆسە سەربازە ئەمریکییەکان لەگەڵ خۆیان هێنابێت بۆ بازاڕی خواردنە دەریاییەکانی هونان ( Hunan Seafood Market ) کاتێک کە بەشداریان کردووە لە یاریە سەربازییەکانی 2019 کە لە شاری ووهان ئەنجامدرا. 
 
هەڵبەتە دوور نییە چەند وڵاتێکی تریش وەبەرهێنانی سیاسی لەو دۆخە بکەن بۆ داپۆشینی شکستیی رژێمەکانیان، بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی ئێران کە یەکێک لە وڵاتە هەرە شکستخواردووەکانە لە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، لە رێگای چەند دەزگایەکی میدیایی لە ناوەوەی ئێران وا پیشانی رای گشتی دەدەن کە ئەمە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە پشتبێت.
 
لە ناوخۆی کوردستانیش دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم ڤایرۆسە دروستکراوی ئەمریکایە بۆ شکستپێهێنانی ئابووری چین. لە راستیدا ئەم رایانەی دەوترێن هیچ بەڵگەیەکی زانستی و ئاشکرایان لە پشت نییە تەنیا دەنگۆی سیاسین. ئەگەری دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆس لە رێکخراوێکی تیرۆرستییەوە نزیکترە تا لە دەوڵەت. چونکە ئەگەری کۆنترۆلکردنی زۆر لاوازە و هیچ گەرەنتیەک نییە کە دەوڵەتی دروستکەر بە سەلامەتی لێیدەرچێت. دواتر پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیانەی ئێستای جیهان بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی تا ئاستێکی زۆر بەیەکتر بەستووەتەوە. ئێستا ڤایرۆسەکە خەریکە هەڕەشە لە خودی ئەمریکاش دەکات و لە هەندێک ویلایەت باری نائاسی راگەیێندراوە.
 
هۆکارێکی تری ئەوەی کە ڤایرۆسەکە دەستکرد نییە ئەوەیە کە کاریگەری ئەم ڤیرۆسە تەنیا لەسەر یەک ئابووری دیاریکراودا نییە، بەڵکو لەسەر تەواوی ئابووری جیهانە. بەپێ توێژینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانی ئوسترالیا ئەم ڤایرۆسە بەلای کەمی زیانی2.3  بلیۆن دۆلار بە ئابووری جیهان دەگەیێنێت، کە لە ناویاندا جگە لە ئابووری چین وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرنسا و ئەڵمانیاش لە ریزی پێشەوەن. وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوینیش زیانی زۆر بەر ئابوورییان دەکەوێت بە تایبەت ئەووڵاتانەی لە دابینکردنی بودجەدا پشتی سەرەکی دەبەستن بە فرۆشتنی نەوت و گاز.
 
لەبەر رۆشنایی ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێدان، ئەگەری دروستکردنی ڤایرۆسەکە لەلایەن وڵاتێکی دیاریکراوەوە زۆر لاوازە، بە تایبەت ئەگەر مەبەستی بڵاوکردنەوەکەی ڤایرۆسەکە بە ئەنقەست بووبێت. بەڵام لەهەمانکاتدا پرسیاری زۆریش هەن لەبارەی ڤایرۆسەکە کە تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.


*ئەم بابەتە لەلایەن زوبێر رەسووڵ-ەوە ئامادە کراوە و نووسراوە


PM:12:32:12/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 17728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو