لاهور شێخ جه‌نگی و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق كۆبونه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری كۆبوه‌وه‌ و گفتوگۆیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق كرد.

لاهور شێخ جه‌نگی، له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ی شوباتی 2020 پێشوازیی له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق كردوه‌ و باسیان لەبارودۆخی سیاسی وئەو تەنگەژانە کردوه‌ کە ڕوبەڕوی پڕۆسەی سیاسی بوه‌تەوە.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا لاهور شێخ جه‌نگی و حه‌لبوسی، گفتوگۆیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق كردوه‌ وکە دەبێت بەجۆرێک بێت سەرجەم هێزە سیاسییەکان بەکورد وعەرەب وسوننە وشیعە وتەواوی پێکهاتەکان تیایدا بەشداربن بۆئەوەی سەقامگیری بۆبەغدا وپارێزگاکانی باشور بگەڕێتەوە.

به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق به‌پێویستیان زانیووه‌ ئەجێندای حکومەت ڕوون و ئاشکرا بێت سەبارەت بەبەشداری لایەنە سیاسییەکان و داواکاریی خۆپیشاندەران.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت حکومەتی نوێی عێراق بەگوێرەی دەستور مامەڵە لەگەل هەرێمی کوردستان بکات وپرسی بودجە وموچە نەکرێتە پرسێکی سیاسی بۆهاوڵاتیان وفەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

پێشتریش حه‌لبوسی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و دواتر راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌.


PM:09:10:16/02/2020








ئه‌م بابه‌ته 3984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت