سلێمانی.. رێوشوێنی توند لە دژی دیاردەی سواڵكردن دەگیرێتە بەر


وێستگە نیوز-
قائیمقامیەتی سلێمانی بەهاوكاری لایەنە پەیوندیدارەكان  رێكارەكانی رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن توندتر دەكەنەوە و قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت بۆ رێگری كردن لەم دیاردەیە پێویستە هەموو لایەك هاوكار و هەماهەنگ بن و هەنگاوی كرداری بنرێت.

 
بە ئامانجی كەمكردنەوە و رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن و دانانی سنورێك لە بەردەم دیاردەكەدا ئەمڕۆ پێنج شەممە 21 تشرینی دووەمی 2019 لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوو.

 لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبونی نوێنەری دادگا و داواكاری گشتی  سلێمانی و پۆلیس و ئاسایش و نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و زۆربەی لایەنەپەیوەندیدارەكان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: سواڵكردن لە هەرێمی كوردستان بووەتە دیاردەیەكی گەورەو پێویستی بە هەوڵ و هەنگاوی جدییە بۆ رێگركردن لێی ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد زیاتر 90% ئەو كەسانەی كە لە سلێمانی سواڵدەكەن خەڵكی سلێمانی نین، بەڵكو زۆربەیان بە رەگەز عەرەب و خەڵكی وڵاتانی دەوروبەرن، ووتیشی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سلێمانی هەنگاوی گرنگ و پێویست نراوە بۆ رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن و قائیمقامیەتی سلێمانی لەرێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەدایە كە ئێستا بووەتە دیاردە و كێشەیەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان ، بۆ رێگری كردن لە دیاردەكە و دانانی سنورێك لە بەردەم ئەو كەسانەی كە سواڵ دەكەن  قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئەركی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانە هاوكار و هەماهەنگ بن و پێكەوە كاربكەین بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە، چونكە بەپێی ئەو بەدواداچونانەی كە كراوە دەركەوتووە لەپشت دیاردەكەوە  تاوانی تر ئەنجام دەدرێت كە كاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر لێكترازانی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان.

پاش تاوتوێكردنی دیاردەكە لە لایەن بەشداربوانی كۆبوونەوەكەوە هەمووان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە چارەسەركردن و رێگری كردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری دیاردەكە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانە و لەسەر و هەموشیانەوە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركیانە لە ئاستی باڵادا كاربكەن بۆ رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن و دانانی سنورێك لە بەردەم دیاردەكەدا لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بۆ رێكركردن لە دیاردەكە لە سلێمانی لە زووترین كاتدا ئەم هەنگاوانە بگیرێتەبەر:-

1.هەڵمەتێكی هۆشیاری  گشتی رێكبخرێت بەتایبەت لەرێگەی میدیا و مزگەوتەكانەوە هاوڵاتیان لە مەترسیەكانی پشت دیاردەكە ئاگاداربكرێتەوە.

2. هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی بە هاوكاری لایەنەپەیوەندیدارەكان لە چەند رۆژی ئایندەدا هەڵمەتێكی فراوان رێكدەخەن بۆ رێگری  لە دیاردەكە.

3.یاسا بەركارەكانی تایبەت بە رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن كاراتر بكرێنەوە و لەم رووەوە دادگاكان و داواكاری گشتی رۆڵی گرنگی خۆی ببینێت.

4.لەرێگەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و لایەنە ئەمنیەكانەوە بەدواداچون بكرێت بۆ شوێنی مانەوەی ئەو كەسانەی كە سواڵ دەكەن.

5.بەهەموو شێوەیەك رێگری بكرێت لە بازرگانی كردن بەو كەسانەی كە سواڵ دەكەن بە تایبەتی منداڵان.

6.رێگری لەو كەسانە بكرێت كە لە ترافیكەكان شت دەفرۆشن و لەپاشت ئەوەوە سواڵدەكەن.
 


PM:03:41:21/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت