یوسف محه‌مه‌د دوو هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عیراق ئاشکرا دەکات

‌یوسف محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی گۆڕان

وێستگه‌ نیوز ـ
یوسف محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان دوو هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عیراق ئاشکرا دەکات، بەپێویستیشی دەزانێت کاربکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لە لایەن بەرپرسانی بەغداو بەشێک لە بەرپرسانی هەرێمەوە براونەتە دەرەوە.

یوسف محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی وڵاتەکەی گرتوەتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دوو بابەتی سەرەکی؛ یەکەمیان گەندەڵییە کە بوەتە هۆی بە هەدەردانی داهاتی عیراق، چونکە لەبری ئەوەی بۆ قازانجی خەڵک و بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکاربێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق و هەندێک لە کاربەدەستانی کوردیشەوە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم داهاتانە بە فیڕۆ دەدرێن".

لە بارەی هۆکاری دووەمەوە یوسف محەمەد وتی: "هۆکاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی عیراقدا دەکرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا کراون و کۆی پرۆسەی سیاسی عیراقی خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە".

دوێنێ هەینی عەبدولمەهدی کەربەلایی، نوێنەری ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە وتاری هەینیدا جەختی کردەوە لەوەی لایەنی ناوخۆیی عیراقی و هەروەها لایەنی دەرەکی هەن دەخوازن ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و دەشیانەوێت رێڕەو و ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکانیش وەربچەرخێنن.

یوسف محەمەد، دەڵێت "کارنامەی هەرێمی و نێونەتەوەیی لە عیراقدا هەمیشە ئامادەیی هەبووە و هەندێک کارنامەی ناوخۆییش بەردەوام ئامادەییان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆیی و تەنانەت هەرێمایەتیەکانیش".

هەر لەم وتارەی نوێژی هەینیدا، مەرجەعیەتی شیعەکان داوای لێپێچینەوە دەکات لەوانەی تەقەیان کردووە و هەروەهاش ئەم سەروەختەی عیراق بە دەرفەتێکی گەورەی دەگمەن ناودێر دەکات بۆ جێبەجێکردنی داواکانی خۆپیشاندەران لە وادەیەکی دیاریکراودا لەگەڵ رێککەوتن لەسەر دانانی نەخشە رێگایەک بۆ هێنانە ئارای دادوەریی کۆمەڵایەتی.

د. یوسف دەشڵێت، "پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عیراقدا براونەتە دەرێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراق و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، وەک دەڵێت ئەمەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەیە تا ئەژمارە بانکیەکانی کاربەدەستانی عیراق و هەرێمی کوردستان لە بانکە بیانییەکاندا ئاشکرا بکرێن، دەشڵێت لە پەرلەماندا دەستکراوە بە کارکردن لەسەر ئەم هەوڵە و ژمارەیەک هەوڵی تریش".


PM:01:45:09/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 2836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو