ئەمریکا لەبارەی دۆخی عیراق و لوبنان: پشتیوانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین



وێستگە نیوز-
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخی عیراق و لوبنان جەخت لە پشتیوانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکاتەوەو هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی خۆپیشاندانەکان ببنە هۆی چالاکبوونەوەی داعش.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لێدوانی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە کە رایگەیاندووە، ئەگەر خۆپیشاندانەکان نەبنە هۆی چالاکبوونەوەی داعش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی مافی ئاشتیانەی دەربڕین و خۆپیشاندان دەکات.

ئەو بەرپرسە باڵایە راشیگەیاندووە ئەمریکا داوا لە سەرجەم وڵاتان دەکات وەڵامی داواکاری و پێداویستیەکانی خەڵک بدەنەوەو ئاسایشیان بپارێزن.
 
ئاماژەی بەوەش کردووە، " پێویستە  ئەو مەترسیە لەبەرچاو بگرین کە کەسانی توندڕەوو تیرۆرستان ئاڵۆزییەکان دەقۆزنەوە بۆ گەشەپێدانی ئەجێندا مەترسیدارەکانی خۆیان، ئێمە هەمیشە لەم دۆخانە دەکۆڵینەوە کە بە جۆرێک نەبێت تیرۆرستان بتوانن بۆ خۆیانی بەکاربهێنن".
 
لێدوانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا لەکاتێکدایە پێشتریش، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی توندوتیژیەکانی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عیراق کردبوو، داواشی لە بەرپرسانی عیراق کرد دان بە خۆیاندا بگرن لە مامەڵە کردن لەگەڵ خۆپیشاندەران.


ش . ر


PM:01:11:09/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت