بەهۆی باڵایەوە دەرگای هۆتێلەکانی بەسەردا داخرا

‌شیر خان-ی ئەفغانی کە بەرزی باڵای کێشەی بۆ دروست کردووە


وێستگە نیوز- 
پیاوێکی ئەفغانی دوای ئەوەی سەردانی شارێکی هیندستان دەکات دەرگای هۆتێلەکانی بەسەردا دادەخرێت بەهۆی بەرزی باڵایەوە کە نزیک دەبێتەوە لە دوو  مەترو 50 سانتیم. 

شیر خان ئەو پیاوە ئەفغانیەیە کە  رووی لە شاری لیکناو-ی هیندستان کردووە بەمەبەستی ئامادەبوون لە یارییەکانی کریکیت لەنێوان هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و هەڵبژاردەی هیندستان بەڵام بەهۆی بەرزی باڵایەوە تووشی کێشەی زۆر بووەو هۆتێلەکانی شارەکە پێشوازیان لێ نەکردووە. 

یەکەم کێشە کە شیر خان تووشی بووە کێشەی  شوێنی مانەوە بووە کاتێک سەردانی چەند هۆتێلێکی کردووە بەڵام رەتیان کردووەتەوە ژووری کرێی پێبدەن بە هۆی بەرزی باڵایەوە کە دوو مەتر و 48 سانتیمی تێپەڕاندووە. 

شیر خان بۆ چارەسەری کێشەکەی هانای بۆ پۆلیس بردووەو کۆمەڵێک کارمەندی پۆلیس هاوڕێیەتیان کردوە بۆ ئەوەی هۆتێلێکی گونجاو بۆ مانەوە بدۆزێتەوە. 

لەکاتی مانەوەی لەو هۆتێلەدا سەدان کەس چاوەڕێی هاتنەدەرەوەی ئەو پیاوە ئەفغانیەیەیان کردووە بۆ ئەوەی سەیری باڵای بکەن و ئەوەش شیر خان –ی تووشی نیگەرانی کردووە. 

لەکاتی چوون بۆ ئەو یاریگایەش کە یارییەکەی نێوان ئەفغانستان و هیندستانی تێدا بەڕێوەچووە چەندین پۆلیس هاوڕێیەتی شیر خان-یان کردووە بۆ ئەوەی رێگە نەدەن هیچ کێشەیەک رووبەڕووی ببێتەوە. 


ش . ر 



PM:09:34:08/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 4904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو