په‌رله‌مانتارێك: پارتی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پۆستێكی باڵای له‌ به‌غدا وه‌رگرتووه‌


وێستگه‌ نیوز ـ

به‌ وته‌ی ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پۆستێكی باڵای له‌ به‌غدا وه‌رگرتووه‌.

شیروان میرزا، ئەندامی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌بێ ئاگاداری‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گفتوگۆی‌ كردووه‌ بۆ پێدانی‌ پۆستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ راژه‌ی‌ گشتی‌ عیراق و دواجار پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌.

شیروان میرزا وتیشی‌: "وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ رێكکه‌وتنی‌ ئه‌و حزبه‌ و لایه‌نه‌كانی‌ عیراق بووه‌ و فراكسیۆنه‌كانی‌ دیكه‌ ئاگادارنه‌بوون، له‌كاتێكدا بڕیاربوو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر پۆستێك به‌پێی‌ رێكکه‌وتنی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بێت".

پارتی‌ له‌ به‌غدا پۆستی‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ عیراق و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و چه‌ند بریكارێك و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌ به‌غدا له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.

هــ. ر


PM:09:02:06/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 6516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت