پارێزگاری دهۆك: رێگە بەكەس نادرێت بەچەكەوە بێتە باشوری كوردستان



وێستگە نیوز-
پارێزگاری دهۆك ڕایدەگەیەنێت، پارێزگاكە ئامادەیە بۆ پێشوازی لە پەنابەرانی سوریا و جەخت لەوەش دەكاتەوە، دەروازەكە كراوەیە بۆ هاتنی هەمووان.

فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری دهۆك ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان و نوێنەری یۆنامی و رێكخراوەكانی دیكە كۆبووینەوە و خۆمان ئامادەكردووە بۆ پێشوازیكردن لە هەر لێشاوێكی پەنابەران، ئێستا شوێنی ئامادەمان هەیە بۆ سێ هەزار پەنابەر".

پارێزگاری دهۆك لەبارەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پێشخابووریشەوە ئەوەی خستەڕوو، دەروازەكە كراوەیەوە و ووتیشی"تائێستا هیچ پەنابەرێك نەهاتووە، بەڵام دەروازەكە كراوەیە بۆ هاتنی هەمووان، هەرچەندە ئەوەی بە چەك دێت رێگەی پێ نادرێت بە چەكەوە بێتە نێو باشووری كوردستان".

پارێزگای دهۆك یەكێكە لەو پارێزگایانەی هەرێمی كوردستان، لەدوای شەڕی داعش و لەكاتی دروستبوونی شەڕی ناوخۆی سووریاش پێشوازی لە پەنابەران كردووە، هەتاوەكو ئێستاش نزیكەی 550 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگاكە دەژین.


PM:05:47:10/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت