نێچیرڤان بارزانی: بە نیگەرانی و هەستیارییەوە لە تێكچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیری دەڕوانین



وێستگە نیوز-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەیی هەر نێوەندگیر و هاوكارییەكن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دەشڵێت" داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات رۆڵی خۆیان بۆ راگرتنی شەڕ و گێڕانەوەی ئاشتی بگێڕن".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپاش هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەموو نێوەندگیری و هاوكارییەك بۆ راگرتنی شەڕ و جەختیش لەوە دەكاتەوە، لە هەوڵی بەردەوامدایە. 

بارزانی ڕاگەیەنراوەكەشیدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات، رۆڵی خۆیان بۆ راگرتنی شەڕ و گێڕانەوەی ئاشتی بگێڕن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

هەر لە سەرەتاوە بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین و بە دڵگرانی و نیگەرانییەكی قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا دەڕوانین بەتایبەتی كە گرووپە توندڕەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر كوشتار و دەربەدەری و ئاوارەبوونی خەڵكی سڤیل و دروستبوونی ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەكەدا دەكاتەوە و هەڕەشە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەكات.

ئێمە كە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەكانی شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانی و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێكچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیری دەڕوانین كە دەرەنجامی چاوەڕواننەكراو و مەترسیداری بۆ ناوچەكە و جیهان لێ دەكەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵی بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین.

شەڕ و پێكدادان تەنیا ئاڵۆزی و پشێوی و مەترسی لە ناوچەكە زیاد دەكات، دەسكەوتەكانی تێكشكاندنی داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نابێت، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ ئایندەی سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێك مافی هەموو پێكهاتەكانی تیادا پارێزراو بێت و بە جددی ڕۆڵی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی و دیالۆگ و ڕێگەچارەی سیاسی بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵكی سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان


PM:04:35:10/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 1952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت