سەرۆككۆماری عیراق: پێویستە دۆخەكە ئارام بكرێتەوە
وێستگە نیوز-
سەرۆككۆماری عیراق جەخت لە ئاسایی بونەوەی دۆخی پارێزگاكان دەكاتەوە و داوای وەڵامدانەوەی خێراش بۆ داواكاری خۆپیشاندەران دەكات.
بەرهەم ساڵح؛ سەرۆككۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی پێشوازیكردنی لە پارێزگارانی ناوەڕاست و خوارووی و ڵاتەكەی، تەئكیدی كردەوە لەسەر پێویستی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی گشتی و خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ داواكارییە رەواكانیان و دووپاتی كردەوە پێویستە دۆخەكە لەسەر ئاستی پارێزگاكان ئارام بكرێتەوەو ئەویش لەرێگەی دانبەخۆداگرتن لەپێناو پارێزگاریكردن لە ئاسایش و سەقامگیری.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێردراوە ڕایدەگەیەنێت"لەمیانی كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ سێ شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك لە پارێزگارەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، سەرۆك كۆمار جەختی كردەوە لەسەر گرنگی پارێزگاریكردن لە خۆپیشاندەرانی ئاشتی خوازو پارێزگاریكردن لە ئاسایشی گشتی و رێگرتن لە رشتنی خوێنی زیاتر، هاوكات بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژییەك كە دەكرێتە سەر هێزە ئەمنییەكان و موڵكی گشتی، ئاماژەشی كرد بە پێویستی هەرچی زووی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو دەستدرێژییانەی كە كرایە سەر خۆپیشاندەرەكان".
ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"سەرۆك بەرهەم ئاماژەی كرد بە پێویستی جێبەجێكردنی داواكاری هاوڵاتیان لەپارێزگاكانیان بە زووترین كات ئەویش لەرێگەی رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجانی بێ كار تاكو پەتای بێ كاری بەرەو كەمبوونەوە ببرێت و پێداویستییە رەواكانیان بۆ ژیانێكی شكۆمەند برەخسێنرێت، هاوكات ئاسانكاری بكرێت بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان لە تەواوی پارێزگاكان".
هاوكات ئاماژە بەوەش دەكات، بەرهەم ساڵح دووپاتیشی كردەوە پێویستە بە گژ گەندەڵی دارایی و ئیدارییدا بچینەوەو گەندەڵكارانیش دادگای بكرێن.
دەشڵێت"سەرۆك كۆمار بە وردی گوێی بۆ پارێزگارەكانی باشورو ناوەڕاست و كەركوك و نەینەوا گرت لەسەر بارودۆخی پارێزگاكانیان و وە ئەو بارودۆخانەی كە دەبنە رێگر لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان و ئەو هەوڵە پێویستانەی كە گرنگە بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان".
PM:05:54:08/10/2019
ئهم بابهته 1944
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت