ئەرسەلان بایز: ئێوە ناتوانن ئیدارەی هەرێمێك بدەن، چۆن باس لە دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن



وێستگە نیوز

ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، سەركردەی حزبە كوردستانیەكان..! لەسەر بچووكترین قسەو رووداو دەیگەیەننە (مریشكە رەشە) و رێگری و تەقە لەیەكتر دەكەن.

ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە میانی وتارێكدا كە لە بەشی وتاری (وێستگە نیوز) بڵاو بۆتەوە، لەبارەی رێگری لە (مەحمود سەنگاوی) لە بازگەی سماقوڵی لە هەفتەی رابردوو، پرسیاری ئەوە لە بەرپرسانی پارتی دەكات كە ئەوان ناتوانن ئیدارەی هەرێمێك بدەن كەچی باس لە دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان  دەكەن.

بایز لە نوسینەكەیدا دەپرسێت"ئایا قسەو كردارو ئەو پەرچە قسەو كردارانە دەمان گەیەنێتە كوێ..؟ بە راگرتنی (كاك مەحمود) یان دوو لێپرسراوی پارتی، كوردستان دەبێتە دەوڵەت…؟ باشە ئەگەر لە بازگەی سماقووڵی و لە كاتی راگرتنی (كاك مەحمود) گرژییەك دروست بوو باو یەكێك بكوژرایە. یان لەتەقەكردن لە بارەگای پارتی لە سلێمانی و كۆمیتەكانی (ی.ن.ك) لە هەولێر یەكێك بكوژرایە چیمان دەكرد..؟ ئەی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە ئەنجامی كێشەی موڵك و چەندین دوكانی قەڵادزێ، شەڕێكی كورد كوژی ماڵوێران بەرپا نەبوو…؟".

هەروەها دەشڵێت"خوا ئاگادارە ئەگەر بە راستی رێگای خەڵك بدەین رای خۆیان لەسەر حیزبە حوكمڕانەكانی ئەمڕۆی كوردستان دەرببڕن، خەڵك نەك هەر لە سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان رازی نیە، بەڵكو لە هەموو حیزبەكان بێزارن. خەڵك ئارامی و یەكڕیزی و (معاش)ی مانگانەی دەوێ. جوتیارەكانیش پارەی گەنمی خۆیان دەوێ".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە درێژەی نوسینەكەیدا كۆمێنتی هاوڵاتییەكی بەهەند وەرگرتووە و دەنوسێت"ژمارەیەك خەڵكیش لە پەیجەكانی خۆیاندا لەبارەی ئەو رووداوەوە كۆمێنتیان نووسیوە. یەكێ لەو كۆمێنتانە دەڵێت سەركردەی حزبە كوردستانیەكان..! ئێوە لەسەر بچووكترین قسەو رووداو دەیگەیەننە (مریشكە رەشە)، رێگری و تەقە لەیەكتر دەكەن… ئێوە ناتوانن ئیدارەی هەرێمێك بدەن، ئەی چۆن چۆنی باس لە دروست كردنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن..؟".

كلیك بكە بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەكەی ئەرسەلان بایز..


PM:03:43:22/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت