بۆچی ترەمپ جۆن بۆڵتن-ی لە پۆستەکەی دوورخستەوە؟


وێستگە نیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە جۆن بۆڵتن-ی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە. 

دوێنێ سێشەممە ترەمپ لە تویتەرەکەی نوسی، " شەوی رابردوو بە بۆڵتن-م راگەیاند کە چیتر پێویستمان بە خزمەتەکانی نیە لە کۆشکی سپی، من لەگەڵ زۆربەی پێشنیارەکانی بۆڵتندا نیم هەروەک چۆن ئیدارەی کۆشکی سپیش هەمان بۆچوونیان هەیە". 

بەشێک لە چاودێرانی سیاسەتەکانی ئەمریکا  هۆکارەکانی دوورخستنەوەی جۆن بۆلتن لە پۆستەکەی ئاشکرا دەکەن و هەڵوێستە توندەکانی لە پرسە جیاوازەکانی سیاسەتی دەرەوەی ولاتەکەدا بە هۆکار دەزانن.

جۆن بۆڵتن کە یەکێک بووە لە دارێژەرانی سایسەتی دەرەوەی ئەمریکا سێیەم راوێژکاری ترەمپ بووە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بەردەوام فشاری لە ترەمپ کردووە کە گەمارۆکانی سەر کۆریای باکور هەڵنەگرێت . 

بۆڵتن یەکێک بووە لەو کەسانەی لە پشت سیاسەتە توندەکانی ترەمپەوە بووە بەرمبەر ئێران، دژایەتی ئەو پێشنیارانەی کردووە کە هەبوون بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئێران، یەکێکیش بووە لەوانەی داوای گرتنەبەری ئاراستەیەکی توندی کردووە بەرامبەر روسیا و ئەڤغانستان. 

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرزیش ئەو راگەیاندنەی ترەمپ بۆ لابردنی بۆڵتن دوای موناقەشەیەکی توند بووە لەنێوانیان لە رۆژی دوشەممەدا کە ناکۆکی لە هەڵوێستیاندا هەبووە دەربارەی ئەڤغانستان. 

بۆڵتن-ی 70 ساڵ لە مانگی ئایاری ی ساڵی 2018 دوای ماکماستەر پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی وەرگرت ، یەکێکیش بووە لەوانەی ناکۆکۆکی بەردەوامی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەدا هەبووە لە بەرامبەر نەرمینواندنی لە هەندێک سیاسەتی دەرەوەی وڵێ‌تەکەی.

رۆژی دوشەممەش جۆن بۆڵتن لە تویتەری خۆی نوسیبووی" شەوی رابردوو نامەی دەست لەکارکێشانەوەم پێشکەشی ترەمپ کردووە، سەرۆک ترەمپیش پێیوتووم سبەینێ قسە لەسەر ئەمە دەکەین " 

راوێژکارێکیش بە ناوی کۆشکی سپیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، زۆر کێشە و بابەت هەبوون کە وای لە ترەمپ کردووە داوای دەست لەکارکێشانەوەی بۆڵتن بکات.

هەندێک بەرپرس و سەرچاوەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک جار دۆناڵد ترەمپ لە هەڵوێستە توندەکانی بۆڵتن بێزار بووە.

بۆڵتن یەکێک بووە لەوانەی ناکۆک بووە لەگەڵ باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نتەوەیەکگرتووکان سەبارەت بە پلانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک لەگەڵ شەڕکەرانی تاڵیبان و وتویەتی سەرکردەکانی تاڵیبان ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت. 

سەرچاوەیەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کردووە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی رۆیشتنی بۆڵتن ئەوە بووە کە پێشنیارێکی خستووەتە بەردەم مایک پێنس پشتیوانی بێت دەربارەی دژایەتیکردنی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرانی تاڵیبان، لەکاتێکا ئەو ئەو کارەی نەکردووە. 

دواتریش بۆڵتن نامەیەکی بۆ ترەمپ نوسیوەوو پێیوتووە تەنانەت جێگرەکەشی لەگەڵ کۆبوونەوەی کام دەیڤد نیە لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان. 

هەندێک بەرپرسی ئەمریکیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە جۆن بۆڵتن بەرپرسی شکستی لوتکەی نێوان ترەمپ و کین جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور بووە لە هانۆی دوای ئەوەی ئامۆژگاری ترمپی کردووە کە کۆمەڵێک داواکاری توند لە کیم بکات و ئەویش رەتی کردووەتەوە. 

بۆڵتن سەرکردایەتی سیاسەتەکانی ترەمپیشی کردووە دژی ئێران و کە دواتر ئەمریکا لە رێککەوتنەکەی ٢٠١٥ کشایەوە و درێژەی بە سزاکاندا بەسەر ئێراندا.  

هەندێک چاودێریش پێانوایە بۆڵتن یەکێک بووە لەوانەی پشتیوانی لێدانی ئاسمانی دژی ئێران کردووە لەبەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی، کە ترەمپ لە ساتەکانی کۆتاییدا لێی پەشیمان بووەوە. 

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش داوە بۆڵتن یەکێکیش بووە لەوانەی دژی ئەو بۆچوونەی ترمپ بووە کە رایگەیاندووە ئەگەر بارودۆخ گونجاو بێت لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکات.  

ش . ر 



AM:11:56:11/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 4552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو