120 هەزار دۆلار کارەساتی بۆ دوو هاوسەر دروستکرد


وێستگە نیوز- 

دوو هاوسەری ئەمریکی دوای ئەوەی 120 هەزار چووە سەر هەژمارەکەیان و زیاتر لە نیوەی پارەکەیان خەرجکرد تووشی کارەسات هاتن. 

رۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریکی دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە رۆبێرت ولیامز و تیڤانی هاوسەری کە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا نیشتەجێن تووشی کارەسات هاتن دوای ئەوەی بانکی بی بی تی ئەمریکی بە هەڵە 120 هەزار دۆلاری رەوانەی هەژماری بانکی ئەو دوو هاوسەرە کردووە. 

ئەم چیرۆکە ئەوکاتە روویداوە کە بانکی BBTئەمریکی  بە هەڵە 120 هەزار دۆلاری خستوەتە سەر هەژماری بانکی ئەو دوو هاوسەرە و ئەوانیش بێ ئەوەی بپرسن ئەو پارە زۆرە چۆن چووەتە سەر هەژمارەکەیان دەستیان بە خەرجکردنی کردووە. 

ئەم دوو هاوسەرە زۆر بە زوویی دەستیانکردووە بە خەرجکردنی پارەکە ئۆتۆمبێلیان پێ کڕیوەو باجەکانیان داوەو بڕی 15 هەزار دۆلاریشان بە هاوڕێکانیان بەخشیوە. 

هەتا ئەوکاتەی بانکەکە پەیوەندی بە دوو هاوسەرەکەوە کردووەو لە هەڵەکە ئاگاداری کردوونەتەوە و داوای گەڕاندنەوەی پارەکەی لێکردوون دوو هاوسەرەکە 107 هەزار دۆلاریان خەرجکردووە، لە کاتی پەیوەندیەکەدا رۆبێرت ولیامز بە بانکەکەی وتووە دوای ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی قسەی کرد پەیوەندی بە بانکەکەوە دەکاتەوە.  

لە ماوەیەکی کەمدا  دوو هاوسەرەکە خۆیان ون کردووەو بانکەکەش پەیوەندی بە پۆلیسی ئەمریکیەوە کردووە تا دەستبەسەریان بکات، هەر بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە ئێستا رۆبێرت ولیامز و تیڤانی هاوسەری بە تۆمەتی دزی رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.


ش . ر


PM:08:51:09/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت