لە هەولێر گەنجێك 144 ملیۆن دینار لە ماركێتێك دەدزێت

‌گەنجەکە بووەتە خاوەنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل تازە و دەمانچە و ماركێت


وێستگه‌ نیوز- رووداو – هەولێر

گەنجێك 144 ملیۆن دینار لە یەكێك لە ماركێتە بەناوبانگەكانی هەولێر دەدزێ‌ و هەر لە رێگەی ماركێتەكەشەوە پەیوەندی لەگەڵ ژنێك دادەنێ‌ و لە نێو ماركێتەكە سێكسی لەگەڵ دەكات، بەڵام دواتر ئاشكرا دەبێ و دەستگیر دەكرێ‌.

بەهۆی دیارنەمانی پارە و كاڵای یەكێك لە زنجیرە ماركێتەكانی هەولێر، خاوەنی ماركێتەكە گومان دەخاتە سەر یەكێك لە كارمەندەكانی و چاودێری دەكات. (ن) كە خاوەنی یەكێك لە زنجیرە ماركێتە گەورەكانی هەولێرە دەڵێ: "نزیكەی شەش مانگ دەبوو هەستم دەكرد كەلوپەلی نێو ماركێتەكەم دەفرۆشرێن و  پارەكەشیان دیار نییە. دوای ئەوەی سەیری كامێرای چاودێریی ماركێتەكەم كرد، بینیم كارمەندێكم بەناوی (گ.ق) كە كاشێر بوو، دزی دەكات".

ئەو گەنجە چوار ساڵ لەو ماركێتە كاری كردووە، دەوامەكەشی لە سەعات 12ی شەو بۆ 8ی بەیانی بووە. خاوەن ماركێتەكە دەڵێت: "ئەو كارمەندە بەشێك لەو كەلوپەلانەی دەفرۆشت و بێ ئەوەی پارەكە لە سیستەمی كاشێر حیساب بكات، بردوویەتی. هەروەها كەلوپەلیشی بردبووە دەرەوەی ماركێتەكە".

گەنجەكە بەتەنیا هەر كاڵای نەبردووە، بەڵكو پارەی لە ئافرەتێكیش  وەرنەگرتووە كە كاڵای لە ماركێتەكە بردووە "من ئەو ئافرەتە ناناسم، بەڵام لە كامێرای چاودێری دەركەوت كە هەندێك شەو دێتە ماركێتەكە و كەلوپەلێكی زۆر هەڵدەگرێ بێ ئەوەی (گ) كەلوپەلەكانی بۆ حیساب بكات و پارەی لێوەربگرێ".

بەپێی قسەی (ن) پێدەچێت كارمەندەكەی چەند ساڵێك بێت ئەو كارە بكات: "بڕی ئەو پارە و كەلوپەلانەی لەنێو ماركێتەكە دیارنەمان نزیكەی 144 ملیۆن دینارە، بۆیە سكاڵام لەدژی  تۆماركرد و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەستگیر كرا".

گەنجەكە هۆكاری دزینی پارەكە بۆ كرێی خوێندنەكەی دەگەڕێنێتەوە. (گ. ق) تەمەن 25 ساڵ كە گەنجێكی سەڵتە و قوتابی زانكۆیە، دەڵێ: "لە زانكۆیەكی ئەهلی دەمخوێند، كرێی خوێندنم پێنەدەدرا، بۆیە پارەم لە ماركێتەكە دەبرد".

بەڵام ئێستا (گ) خاوەنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل تازە و دەمانچە و ماركێتێكیشە. سەعد بەرزنجی، بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان بە (رووداو)ی راگەیاند: "دوای ئەوەی خاوەنی زنجیرە ماركێتەكە ئاگاداری كردینەوە لەوەی یەكێك لە كارمەندەكانی دزی لێدەكات. كارمەندەكەمان لەكاتی دەوامكردنی لەنێو ماركێتەكە دەستگیركرد و لەماوەی كەمتر لە سەعاتێكدا دانی بە تاوانەكەیدا نا".

سەعد بەرزنجی دەشڵێ: "گەنجەكە بەو پارە و كەلوپەلانەی لەنێو ماركێتەكە بردوویەتی بووە بە خاوەنی ماركێتێك لە شوێنێكی دیكە و زۆربەی شەوانیش كەلوپەلی ماركێتەكەی بۆ ماركێتەكەی خۆی بردووە. هەروەها ئۆتۆمبێلێكی نوێ و دەمانچەیەكی هەیە و مۆڵەتی چەك هەڵگرتنیشی نییە. كرێی خوێندنی زانكۆكەشی دابین كردووە".

ئێستا ئەو گەنجە لە زیندانە و بەپێی ماددەی 446 دۆسیەی بۆ كراوەتەوە. 

سەعد بەرزنجی پێیوایە بەشێك لە هۆكاری دزینی پارەی ماركێتەكە پەیوەندی بە كەمتەرخەمیی خاوەنەكەیەوە هەبووە. بەرزنجی دەڵێت: "كەمتەرخەمی لە خاوەنی ماركێتەكەش هەبووە، چونكە لەنێو ماركێتەكەدا كامێرای چاودێری نەبووە یان كاری نەكردووە، ئەویش پشتگوێی خستووە. بۆیە گەنجەكە ئەوەی بە دەرفەت زانیوە. تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێكی عەرەب لەو شوێنە بەستووە. ئافرەتەكە هەفتانە دوو بۆ سێ شەو لەگەڵ دایكی هاتوون بۆ ماركێتەكە، ئەوەی ویستوویەتی بردوویەتی و گەنجەكەش پارەی لێوەرنەگرتووە".

سەعد گوتیشی: "دوای گومانكردنی خاوەنی ماركێتەكە لە دیارنەمانی كاڵاكانی، كامێرای چاودێری داناوە و ئاشكرا بووە كە ئەو كوڕە شەوانە لەگەڵ كچەكە لەنێو ماركێتەكە پێكەوە بوون و لەبەرچاوی دایكی كچەكە یەكدییان ماچ كردووە و پەیوەندی سێكسیشیان هەبووە".

سەبارەت بە دەستگیركردنی ئافرەتەكەش، بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان دەڵێ: "ئەو دەستگیرنەكراوە، چونكە خاوەنی زنجیرە ماركێتەكە سكاڵای لەسەر تۆمار نەكردووە. ئافرەتەكە عەرەب بووە و شەوی دوای دەستگیركردنی (گ) هاتبووە ماركێتەكە و كەلوپەلی هەڵگرتبوو، گوتبووی لەسەر حیسابی (گ)ە، پێدەچێت گەنجەكە پێیگوتبێت من خاوەنی ماركێتەكەم و هەرچیت ویست بیبە و پارە مەدە. لەو حاڵەتەدا ئافرەتەكە هیچ تاوانێكی نابێت".


PM:01:17:09/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 19016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو