کەروێشکە سوتاوەکەی کەرکوک لە ئەمریکایە و ئێستاش لەژیاندایە

‌کەروێشکە سوتاوەکە ئەمریکا

وێستگە نیوز- زمناکۆ ئیسماعیل

چەند رۆژێکە لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، وێنەی کەروێشکێکی سوتاو دەبینین، بەپێی هەواڵی بەشداربوانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کوردی بێت، ئەو کەروێشکە لەناوچەی کەرکوک و لەپاش سوتاندنی دەغڵودانی جوتیاران سوتاوە.

بەڵام وه‌ك رۆژنامه‌نوس، زمناكۆ ئیسماعیل به‌دواداچونی له‌ میدیا جیهانییه‌كان بۆ كردوه‌، "راستی هەواڵەکە بەو جۆرە نییە، بەڵکو ئەو کەروێشکە لەگەڵ چەند ئاژەڵێکی دیکەی نێو دارستانەکانی لە ئەمریکا سوتاوە."

له‌ به‌دواداچونه‌كه‌یه‌دا زمناكۆ ئیسماعیل بۆی دەرکەوتوە: چیرۆکی سوتاندنەکەی بەم جۆرەیە، رۆژی پێنج شەممە 8ی نۆڤەمبەری 2018، ئاگر لەبەشێک لە دارستانەکانی ناوچەی پارادیزێ، لە باکوری کالیفۆرنیا، لە ئەمریکا دەکەوێتەوە، بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانێکی زۆر بەر سامانی سروشتی ئەو ناوچەیە دەکەوێت و نزیک بە 7 هەزارو 100 ماڵیش دەسوتێن، خەڵکیش بۆ دەرەوەی ئەو ناوچانە هەڵدێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئاگرەوە 23 کەس ژیان لەدەست ئەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە کڵپەی ئاگر، رەحم بە ئاژەڵان ناکات و ئەوانیش لەگەڵ دارستانەکاندا دەکات بە سوتوو، بەڵام ئەوەی کە دەبێتە جێگای سەرنج، ئەو کەروێشکەیە کە لەوێنەکاندا دەیبینن و ئەمڕۆش وەک کەروێشکە سوتاوەکەی کەرکوک، لەنێو دەغڵودانی سوتاوی ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان هەژماری بۆ دەکرێت.

ئەوەی گرنگە لەم چیرۆکەدا لەگەڵ هەڵهاتن و ئاوارەبونی دانیشتوانی ناوچەی کارەساتبار، چەندین ئاژەڵیش توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن لە سوتان، چریس روسەنۆسکی دەڵێت " کاتێک وێنەی ئەو کەروێشکەم چرکاند، وامزانی نەماوە، بەڵام پاش کەمێک بینیم بەئازاری سوتانەوە دەتوانێت هەناسە بدات". 

کریس وێنەی ئەو کەروێشکەی لە ناوچەی مالیبۆ چرکاندوە لە کالیفۆرنیا، لەپاش ئەوەش دەتوانێت کەروێشکەکە بداتە دەست ئەو کەسانەی، کە لەنێو تیمی ڤێترنەری دیاریکرابون، بەمەبەستی پاراستن و چارەسەرکردنی ئاژەڵەکان.

کەروێشکە سوتاوەکە نەک لەدەغڵودانە سوتاوەکەی کەرکوک نەبوو، بەڵکو بەتەنهاش نەبوو، ئەو کە برا بۆ چارەسەرکردن لە کەمپی ڤێرتنەری لە ناوچەی بیوتی لەکالیفۆڕنیا، چەندین جۆری دیکەی ئاژەڵی وەک سەگ و پشیلەو زەڕافەو گوێدرێژ و ئەسپ و قەل و مریشک و کەڵەشێر و بەرازو قازیشی لەگەڵدا بوو.

کاپتن Fire Steve Millosovich کەیەکێکە لەپیاوانی ئاگر کوژێنەوە دەڵێت " لەنێو ئاگرەکەدا زۆر ئاژەڵمان رزگارکرد، ئەوەی ئازاریداین، سوتانی ئەو کەروێشکەبوو، بەڵام ئەوەی ببوە جێگای شۆکبون، ئەو کەروێشکە بەسوتاویش لەژیاندا مابوو ". 

رۆژنامەی ئەلەکترۆنی دەیلی مەیلی بەریتانی چیرۆکە جیاوازەکانی ئەو رۆژە لەزاری شایەتحاڵەکان دەگێڕێتەوە، لەپەنای ئەوەشدا ئاماژەی تەواو دەخاتە سەر ژیانی ئەو کەروێشکەو لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا نیشانی ئەدات، کە ئەو کەروێشکە چارەسەر کراوە، لەنێو ژیانێکی تایبەتدا دەستیکردۆتەوە بە جوڵەو بزۆکی، جیاواز لەو چیرۆکانەی کە ئەو کەروێشکەیان بە بەشێک لە سروشتی کەرکوک دەچواند.

رۆژنامه‌نوسی ناوبراو ده‌ڵێت: دەبێت ئەو راستییە دەزانین، کە (فەیک نیوز)، گرێ و کۆڵەی دونیایی رۆژنامەگەرییە، بەشێکە لەشێوێنەری وێنای راستەقینەی هەواڵ، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە فەیک نیوز زۆر بە زوویی دەگاتە دەمی خەڵک، چونکە سەرچاوەی هەواڵەکەی، سۆسیال میدیایە نەک ماس میدیا، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، کە ماس میدیا (رۆژنامە، تەلەفزیۆن و ماڵپەڕو رادیۆ و گۆڤار) قسەی لەسەر نەکەن و نەتوانن یان نەیانەوێت ئەو هەواڵە فەیکە راست بکەنەوە.


سەرچاوە:
https://www.dailymail.co.uk/news/article-6383809/Heartbreaking-images-animals-injured-California-wildfires-killed-44.html?fbclid=IwAR26r2iV9OuL3XxeMgF9NLS-jEWc7jmzUSSCRU2k2C1Zo_fQXSSXCEf66Pc

https://www.mirror.co.uk/news/us-news/california-fire-devastating-images-burned-13584635

http://www.ladbible.com/news/news-horrifying-images-show-the-animals-injured-in-california-wildfires-20181113

https://www.thenewsminute.com/article/fact-check-images-burnt-animals-supposedly-bandipur-fire-are-fake-97314


PM:03:55:09/06/2019












































































ئه‌م بابه‌ته 13080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو