کەسوکاری تاریقی بەقاڵ قسە بۆ وێستگەنیوز دەکەن


وێستگە نیوز-
کەسوکاری تاریقی بەقاڵ رایدەگەێنن "لە میدیاکانەوە بینیویانە کە تەرمی تاریقی بەقاڵ دۆزراوەتەوە".

ئەمڕۆ یەک‌شەممە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانییەوە ئەو باندە ئاشکراکران کە چەندین تاوانی گەورە و قێزەونیان لەشاری سلێمانی ئەنجام داوە".

لیوا حەسەن نوری بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ئەو باندەوە رایگەیاند "لەچەند مانگی رابردودا ئەو باندە کەسێکیان بەناوی "تاریقی بەقاڵ" و ئۆتۆمبێلی ناوبراویان فڕاندوە و دوای بەرگریکردنیشی لە خۆی و ویستنی بۆ ڕێگەگرتنی لەو رفاندنی ئەو باندانە دوو فیشەکیان ناوە بە ڕانیەوە و دواتر کوشتویانە و ژێر خاکیان کردوە".

وێستگەنیوز، پەیوەندی کرد بە کەسوکاری تاریقی بەقاڵەوە بۆ ئەوەی وردەکاری روداوەکە وەرگرتبێت".

د. ئەحمەد حەمە ئەمین پورزای ئەو کەسەی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە بە وێستگەنیوزی راگەیاند "ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە کەس و خزمی ئێمەیە، ناوی تاریق رۆستەم حەمە ساڵحە و ماوەی نزیکەی ١١٠ ڕۆژە ڕفێندراوە و لەشاری سلێمانی و تا ئێستاش هیچ هەواڵێمان لەبارەیەوە نەبوە".

د. ئەحمەد حەمە ئەمین ئاماژەی بەوەشدا "سەرەتا ئێمە وەکو کەسوکاری تاریق گومانمان وابوە لەلایەن ئاسایش یان دژی تیرۆرەوە ڕفێندرابێت چونکە هیچ مەعقول نییە لەشارێکی وەک سلێمانیدا ئەو ماوە زۆرە کەسێک ڕفێندرابێت و دەزگا ئاسایشەکانیش هیچ نەزانن لەبارەیەوە".

ئەو خزمەی تاریق کە لەلایەن ئەو باندەوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراوە وتی "ئەمڕۆ لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بینومانە کە ئاسایش تەرمی ئەو کەسەی ئێمە دۆزیوەتەوە، و پیشتریش بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نەکرابوینەوە لە دۆزینەوەی تاوانبارەکان".

د. ئەحمەد وتیشی "سوپاسی دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە توانییان ئەو تاوانبارانە دەستگیر بکەن و هیوادارین بە توندتریش شێوە سزا بدرێت".

ئەوەش دوای ئەوە دیت کە ماوەی ١١٠ ڕۆژی تەواوە گەنجێک بەناوی تاریق کە پیشەی میوە فرۆش بوە لە شاری سلێمانی ڕفێندراوە و ئەمڕۆش تەرمەکەی لەژێر خاکدا دۆزرایەوە کەلەلایەن باندێکەوە ڕفێندرابو.
هـ ـ ب


PM:12:25:07/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 53920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت