سلێمانی.. بارەگای تەڤگەری ئازادی کوردستان کرایەوە


وێستگەنیوز-
بارەگای چەند ڕێکخراو و پارتێک کە بەبیانوی نزیکیان لە پەکەکە داخرابون جارێکی دیکە کرانەوە.

جارێکی دیکە دەرگای بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕژاک، کرانەوە.

تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند "نە داخستن و نەکردنەوەی بارەگاکانمان لە سلێمانی و سەرجەم ناوچەکانی دیکە بە یاسا و رێنمایی فەرمی نەبوە بەڵکو بە ویستی چەند کەسێکی دەسەڵات بوە".

تارا حسێن ئاماژەی بەوەشدا "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایش بێ هیچ بیانویەک هەردوو ناوەندی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕژاک) ی داخست، بەڵام دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەرگای هەردوو ناوەندەکەیان کردەوە".

تارا حسین ئەوەشی وت "لەماوەی ڕابردودا هەرچەندە ئاڵا و تابلۆی ناوی حیزبەکەمان لێکرابوەوە بە باڵەخانەی پارتەکەمانەوە بەڵام ئێمە وەکو ماڵێک بەکارمان هێنا و ئەمڕۆش بەفەرمی کراوەتەوە".

وتەبێژی تەڤگەری ئازادی وتیشی "ئەو لایەنەی بارەگاکەیانی داخستووە هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو کارە بکەنەوە چونکە ئەوان بەپێی یاسا ئەو کارەیان بەرامبەر نەکردبوین".

هەروەها بەرپرسانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و ڕژاک، ڕایگەیاندوە "کردنەوەی ناوەندەکانیان لە ئەنجامی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لەماوەی دو مانگی ڕابردودا هێزەکانی ئاسایش بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی و چەند ڕێکخراوێکیان داخست بەبیانوی نزیکیان لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە.

هــ. ب


 


PM:03:17:13/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت