سبه‌ینێ هه‌ینی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه
وێستگه نیوز –
سبه‌ینێ هه‌ینی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه كێشه داراییه‌كانی هه‌رێم ده‌بێت و بڕیار لەسەر پاشەکەوتی مووچە دەدات.
بڕیاره سبه‌ینێ هه‌ینی 8ی ئازاری 2019 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له شاری هه‌ولێر كۆببێته‌وه.
وێستگه زانیویه‌تی كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه تاووتوێكردنی كێشه داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به له‌به‌رچاوگرتنی ناردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی عیراق و ئه‌گه‌ری لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
لەکۆبوونەوەکەدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بریار لەسەر مانەوە یان لابردنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران دەدات.
وێستگه په‌یوه‌ندیكرد به سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڵام سكرتێره‌كه‌ی وه‌ڵامی دایه‌وه كه ناوبراو له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه.
وێستگه چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیكرد به هه‌ریه‌ك له سه‌میر هه‌ورامی سكرتێری راگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه.
هاوكات په‌یوه‌ندیمان كرد به د. رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم، به‌ڵام رایگه‌یاند كه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به ئه‌وه‌وه نییه.
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له رۆژی هه‌ینیدا دوای ئه‌وه دێت، كه رۆژی چوارشه‌ممه 6ی ئازار قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند كه ده‌مێكه بڕیاریانداوه كه ده‌بێت پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لاببرێت.
قوباد تاڵه‌بانی له میانه‌ی به‌شداریكردنی له شه‌شه‌مین دیداری سلێمانی به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ عیراق له گفتوگۆداین بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ببێت، ئه‌وكاته بێگومان پاشه‌كه‌وتی مووچه لاده‌برێت".
هاوكات لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكدا تیشكی خستەسەر چاوەڕوانی خەڵك لە حكومەت و وتی: "گەورەترین تەحەددای بەردەم عیراق و هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی خەڵكە، چونكە هاوڵاتیان چاوەڕوانی حكومڕانییەكی باشن تا باشترین خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێت".
وتیشی: "خۆشبەختانە پەیوەندییەكی زۆر بەهێز هەیە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا، بە پابەندبوونی هەردوو حكومەتی نوێی هەرێم و بەغداش بە چارەسەركردنی كێشەكان نەك زیادكردنی كێشەكان، دڵنیام ئەم دەرفەتە مێژووییە دەبێتە مایەی خێر‌و خۆشی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی عیراق و كوردستان".
له دوای باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و به‌تایبه‌ت دوای په‌سه‌نكردنی یاسای بودجه‌ی عیراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه، به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم زیاد له بۆنه‌یه‌ك رایانگه‌یاندووه كه گه‌ر حكومه‌تی عیراق پاره بنێرێت، به‌دڵنیاییه‌وه بڕیاری پاشه‌كه‌وتی مووچه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له 2016/2/3دا بڕیاری ژماره (64)ی ده‌ركرد و سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی خسته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه به‌پێی سیستمه‌كه موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌پێی زۆر‌و كه‌می موچه‌كانیان پاشه‌كه‌وت ده‌یانگرتنه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كه له (سه‌دا 15 بۆسه‌دا 75 )ی موچه‌كانیان بۆیان پاشه‌كه‌وت ده‌كرا.
PM:08:23:07/03/2019
ئه‌م بابه‌ته 3288
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت