یه‌په‌گه‌ کشانەوەی خۆی لە منبج راگەیاند


وێستگه‌ نیوز ـ
فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل کشانەوەی خۆی لە منبج راگەیاند و داواش لە هێزە چەكدارەكانی سوریا دەکات بەئەركی خۆیان هەڵسن و سنووری شاری منبج لە هەڕەشەكانی توركیا بپارێزن.


فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە رایگەیاند، "لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ داگیركردنی ناوچەكانی باكووری سووریا و وێرانكردنی ناوچەكە و كۆچپێكردنی دانیشتووانەكەی، هاوشێوەی جەرابلس، ئەعزاز، باب و عەفرین، ئێمە لە یەكینەكانی پاراستنی گەل رایدەگەیەنین كە لە ناوچەی منبەج كشاوینەتەوەو لە رۆژهەڵاتی فورات و ناوچەكانی دیكە سەرقاڵی شەڕی دژی داعش و گرووپە چەكدارەكانی دیكەین".

دەشڵێت: "بۆیە داوا لە دەوڵەتی سوریا دەكەین كە لەڕووی خاك، گەل و سنوورەوە سەربە سوریاین، هێزە چەكدارەكانی رەوانەبكات بۆ وەرگرتنی ئەو خاڵانە و پاراستنی ناوچەی منبج لەبەردەم هەڕەشەكانی توركیا".


ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی‌ یه‌په‌گه‌ پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ به‌پێی‌ هه‌واڵێكی‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز، به‌رپرسانی‌ یه‌په‌گه‌ له‌ رابردودا به‌ به‌رده‌وامی‌ په‌یوه‌ندی‌ و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ مۆسكۆ و دیمه‌شق كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ قایلپێكردنی‌ حكومه‌تی‌ سوریا بۆ ناردنی‌ هێز بۆ رۆژئاوای‌ فورات له‌پێناو پاراستنی‌ له‌ هه‌ر هێرشێكی‌ توركیا.

له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ سوریا بكشێنێته‌وه‌ و به‌رله‌و بڕیاره‌ی‌ تره‌مپیش، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی‌ سه‌رۆكی‌ توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازیی‌ كرد بۆ رۆژئاوای‌ فورات.

هــ. ر


AM:11:57:28/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو