مێژووى شەڕى ناوخۆ لە ناو کورددا

‌دیمه‌نێك له‌شه‌ڕی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ساڵی‌ 1996

وێستگە نیوز -

کورد هەمووی برانە، بەڵام ئەم برایانە لە مێژوودا بە بەردەوامی دەستیان چووەتە خوێنی یەکتر.. براکان ئەوەندەی بۆ شەڕی یەکتر ئازان، ئەوەندەش ئازایەتی ئەوەیان نییە لەسەر مێزێک دابنیشین و بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.


 لە سەدەی ١٩دا و لە ئیمارەتی بابان براکان لەسەر دەسەڵات چەندین جار لەشکری ئێرانی و لەشکەری عوسمانیان هێنایە سەر یەکتر، لە ئیمارەتی بۆتانیش بە هەمان شێوە براکان و ئامۆزاکان لە دژی یەکتر دەکەوتنە پێش سوپای عوسمانی.

لە سەدەی بیستەمیشدا مێژووی کورد سەرڕێژە لە شەڕی براکوژی، لەو سەدەیەدا لە کاتێکدا چەندین گەل و نەتەوەی بچوک کە لەمێژوودا ناویان نەبوو دەوڵەتی خۆیان دروستکرد، بەڵام کورد لەبەر شەڕی ناوخۆیی فریای هیچ نەکەوت، هیچ هێزێکی چەکداری کورد نییە لە سەدەی بیستەمدا شەڕی هێزێکی دیکەی کوردی نەکردبێت.

لە شەستەکاندا پارتی و حزبی شیوعی شەڕی یەکتریان کرد، لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٠ باڵی مەکتەب سیاسی پارتی و باڵی مەلا مستەفا بارزانی شەڕی خوێناویان لە دژی یەکتر کرد، هەر دوو باڵیش لە دژی یەکتر پەنایان بردەبەر دەوڵەتەکانی دیکە.

لە کۆتایی شەستەکاندا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت، یان بە دیلکراوی رادەستی ئێرانیان کردنەوە.

دوای دامەزرانی یەکێتی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ەوە تا کۆتاییەکانی ١٩٧٨ لە ناوچەکانی بادینان و هەکاری باکوری کوردستان چەندین شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان یەکێتی و سەرکردایەتی کاتی پارتیدا روویدا، تەنیا لە شەڕی هەکاریدا بە سەدان پێشمەرگە و کادیری یەکێتی کوژران.

لە هەشتاکاندا هەرچی هێزی چەکداری کوردبوو لە شەڕدابوون دژی هێزە کوردییەکانی دیکە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی سەرکردایەتی کاتی پارتی بە یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕێکی قورسیان لە دژی حزبی دیموکرات کرد و بەسەدان کەس لە دوولایەن کوژران.

هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ شەڕێکی قورس لەنێوان کۆمەڵە و حزبی دیموکرات روویدا و سەدان کەس لە دوو لایەن کوژران.

لە باشوری کوردستانیش هەموو هێزە کوردییەکان لەشەڕدابوون دژی یەکتر، لەناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقدا یەکێتی و پارتی تا ساڵی ١٩٨٦ لە شەڕێکی قورسدا بوون.

شەڕی نێوان یەکێتی و حزبی سۆسیالیستیش لە ئابی ١٩٨١ دەستی پێکرد و تا مانگی نیسانی ١٩٨٦ بەردەوام بوو، شەڕی یەکێتی و حزبی شیوعیش لە مانگی ئەیلولی ١٩٨١ دەستی پێکرد و تا مانگی حوزەیرانی ١٩٨٦ بەردەوام بوو، شەڕی نێوان یەکێتی و پاسۆکیش هەر لە ساڵی ١٩٨١وە دەستی پێکرد و تا ئایاری ١٩٨٦ بەردەوام بوو.

لە نەوەدەکانیشدا لە ساڵی ١٩٩٣ یەکێتی و پارتی بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە شەڕی پەکەکەیان کرد و سەدان کەس لە هەر دوو لایەن کوژران،  هەر بە درێژایی نەوەدەکان جارێک پارتی و جارێکیش یەکێتی بە جیا شەڕی پەکەکەیان دەکرد.

لە کۆتاییەکانی ١٩٩٣ و سەرەتای ١٩٩٤ شەڕی یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو.

لە مانگی ئایاری ١٩٩٤ خوێناویترین شەڕی ناوخۆیی لە مێژووی کورددا لەنێوان پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد، لەم شەڕەدا حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتکێشان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا یارمەتی یەکێتیاندا، حزبوڵای کوردستانیش یارمەتی پارتی دەدا، لە شەڕەکەدا ئێران یارمەتی یەکێتی دەدا و تورکیا و عێراقیش یارمەتی پارتیان دا، ئەو شەڕە دوای چوار ساڵ و کوژرانی هەزاران کەس لە هەردوولا رۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨ بە ناوبژیوانی ئەمەریکا کۆتایی هات.

کورد سەدەی ٢١یشی بە شەڕی براکوژی دەست پێکرد، یەکێتی و پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠دا شەڕێکی خوێناویان لە دژی یەکتر ئەنجامدا و بەسەدان کەس لە دوو لایەن کوژران.

لە دوای شەڕەکەی یەکێتی و پەکەکە و هەروەها لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ سەرکردە و حزبە کوردییەکان بە بەردەوامی دەیانوت دەرسیان لە مێژوو وەرگرتووە و ڕێگە نادەن جارێکی دیکە خوێنی کورد بە دەستی کوردێکی دیکە بڕژێت، بەڵام ئێستا و لە ساڵی ٢٠١٧دا خەریکە شەڕێکی خوێناوی دیکە دەست پێدەکات و چەخماخەی شەڕەکەش لە ناوچەی سنونێ لێدرا، ئەم ڕووداوەش ئەو بۆچوونەی لای هەندێک لە شارەزایانی سیاسی کورد دروستکردووە کە قسە و هەڵوێستەکانی ١٥ ساڵی ڕابردووی سەرکردە و حزبە کوردییەکان سەبارەت بە حەرامکردنی شەڕی ناوخۆ هەمووی دروشم بووە.

سەیر ئەوەیە لە هیچکام لەو شەڕانەدا لایەنێکی کوردی نەیتوانیوە لایەنەکەی دیکە شکست بدات، بەڵام بەو حاڵەشەوە برا کوردەکان هێشتا دەرسیان لە ڕابردووی خوێناوی خۆیان وەرنەگرتووە و لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هەمان عەقڵییەتی سەدەکانی ڕابردوو بەردەوامن لە شکاندنی پەنجەکانی یەکتری.

شەڕی براکوژی

سەدەی ١٩
- لە ئیمارەتی بابان براکان چەندین جار لەشکەری ئێرانی و لەشکەری عوسمانیان هێنایە سەر یەکتر.
_  لە ئیمارەتی بۆتان براکان و ئامۆزاکان لە دژی یەکتر کەوتنە پێش سوپای عوسمانی
شەڕی براکوژی
-لە شەستەکاندا پارتی و حزبی شیوعی شەڕی یەکتریان کرد
_  ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٠
- باڵی مەکتەب سیاسی پارتی و باڵی مەلا مستەفا بارزانی شەڕی یەکتریان کرد
_ لە شەستەکاندا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت
_ ١٩٧٦ بۆ  ١٩٧٨
 شەڕی یەکێتی و پارتی لە ناوچەکانی بادینان و حەکاری باکوری کوردستان
رۆژهەڵاتی کوردستان
_ ١٩٨٠
هێزەکانی پارتی بە یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕێکی قورسیان لە دژی حزبی دیموکرات کرد
 -لە شەڕی کۆمەڵە و حزبی دیموکراتدا سەدان کەس لە دوو لایەن کوژران
باشوری کوردستان لە هەشتاکاندا
_ یەکێتی و پارتی لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٦ لە شەڕدابوون
_ یەکێتی و حزبی سۆسیالیست لە ١٩٨١ بۆ ١٩٨٦ لە شەڕدابوون
_ یەکێتی و حزبی شیوعی لە ١٩٨١ بۆ ١٩٨٦ لە شەڕدابوون
_ یەکێتی و پاسۆک لە ١٩٨١ بۆ ١٩٨٦ لە شەڕدابوون
شەڕی ناوخۆ لە نەوەدەکاندا
_  ساڵی ١٩٩٣ یەکێتی و پارتی شەڕی پەکەکەیان کرد
_  ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٧ یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی
_ لە مانگی ئایاری ١٩٩٤ شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێکرد
_ شەڕی پارتی و یەکێتی ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨ بە ناوبژیوانی ئەمریکا کۆتایی هات
شەڕی ناوخۆ لە سەدەی ٢١
_  یەکێتی و پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٠دا شەڕێکی خوێناویان لە دژی یەکتر ئەنجامدا.



PM:10:48:03/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 9440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو