هەسەدە: کەس ناتوانێت بە زەبری هێز چەکمان بکات
وێستگەنیوز_
جێگری وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەبارەت بە دانانی چەک، وەڵامی وەزیری بەرگریی ئیدارەی نوێی سووریا دەداتەوە و دەڵێت: "کەس ناتوانێت بە زەبری هێز چەکمان بکات".
دوێنێ چوارشەممە، 22ـی 1ـی 2025، مورهەف ئەبو قوسرە، وەزیری بەرگریی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دیمەشق بە میدیاکانی راگەیاند: "لەگەڵ هەسەدە لە دانوستانداین و دەبێت چەکیان لێ وەربگیرێتەوە".
لەو بارەیەوە سایل زوبەیع، جێگری وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەبەرامبەر قسەكانی وەزیری بەرگریی سووریا بە كەناڵی "عەرەبیە"ـی وتووە: "بەزۆر چەكەكانمان دانانێین و دەستیش بۆ چەكەكانمان نابەین ئەگەر ئەوان چەک لە دژمان بەكارنەهێنن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گەڕی یەكەمی دانوستانەكاندا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا گەیشتینە چەند خاڵێكی ئەرێنی و گەڕی دووەمی دانوستانەكانیش بەمزووانە دەکرێن و گەشبینن.
حکومەتی نوێی سووریا بۆ ڕێکخستنەوەی هێزی نیشتمانیی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایی لە گفتوگۆدایە. لەبارەی هەسەدەش، وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت: پێویستە بەر لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەخۆدەگرێت، هەسەدە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
PM:12:25:23/01/2025
ئهم بابهته 8388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت