ئەردۆغان: هیوادارم گروپە چەکدارەکان لە هێرشەکانیان لەسوریا بەردەوام بن


وێستگەنیوز_

سەرۆککۆماری تورکیا هیوا دەخوازێت، گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە پێشڕەوی دژ بە حکومەت و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بەردەوام بن.

ئەمڕۆ هەینی 6ی کانوونی یەکەمی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "هێشتا وەڵامێکی ئەرێنیم لە بەشار ئەسەدەوە بۆ کۆبوونەوە پێنەگەیشتووە، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم ساڵ داوای دیدار و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانم لێکرد."

لە بەرامبەردا، بەشار ئەسەد داوای کردبوو تورکیا سەربازەکانی لە خاکی سووریا بباتە دەرەوە و پشتیوانی بۆ گرووپە چەکدارەکان ڕابگرێت.

ئەردۆغان لەبارەی شەڕی گرووپە چەکدارەکانەوە لەگەڵ سوپای حکومەتی سووریا وتی، "ئێستا پێشڕەویەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەرەو ئیدلیب، حەما، حومس بەردەوامە و ئامانجیش دیمەشقە، ھیوادارین ئەم پێشڕەوییە لە سووریا بێ قەزا و بەڵا بەردەوام بێت، لە ماوەی ڕابردوودا بانگەوازێكمان بۆ ئەسەد هەبوو، پێمان ڕاگەیاند بێت و بەیەكەوە داھاتووی سووریا دیاریبكەین، بە داخەوە وەڵامێكی ئەرێنی پێنەداین، دوای ئیدلیب ئێستا حەما و حومسیش لە ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆندایە."

وتیشی، "ئێستا بەرەو دیمەشق پێشڕەوی ھەیە، دۆخە پڕ لە كێشەكانی ناوچەكە دڵخوازی ئێمە نییە و دڵ و دەروونمان ئەمە ناخوازێت، لوبنان لە دۆخێكی خراپدایە، ھەموو لایەكی تەختی زەوی كراوە، داوای ھاوكاری دەكەن، لە كاتێكدا جیھان لە بێدەنگیدا ڕۆچووە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوكاریكردن."


PM:06:59:06/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت