میدیا عێراقییه‌كان واده‌ی ناردنی‌ مووچه‌ی مانگی‌ 10ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 29ی تشرینی دووه‌می 2024، ئاژانسی‌ به‌غداد ئه‌لیه‌وم له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌ ئاگادار ناوی‌ بردوووه‌، واده‌ی ناردنی‌ مووچه‌ی مانگی‌ 10ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: "یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 1ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ته‌رخانكردووه‌، ده‌نێرێت".

وتیشی‌: "به‌غدا مووچه‌ی یه‌ك مانگ ده‌نێرێت، چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی لیسته‌كانی مووچه‌یه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی نانه‌وتی مانگه‌كانی رابردوو ره‌وانه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا بتوانێت پاره‌ی مووچه‌ی مانگی 11 دابین بكات".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ 30ی‌ تشرینی‌ دووه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م"ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنی‌ دیار نییه.

به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێك له‌ مامۆستایانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریانداوه‌ له‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ نه‌چنه‌ ناو هۆڵه‌كانی‌ خوێندنه‌وه‌ و بایكۆت بكه‌ن.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.


PM:08:05:29/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 19768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت