ئۆكرانیا: ته‌رمی سه‌دان سه‌ربازمان له‌ رووسیا وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌


وێستگەنیوز_

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی تشرینی دووه‌می 2024، ئۆكرانیا رایگه‌یاند، ته‌رمی 563 سه‌ربازی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی رووسیا وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شی زۆریان له‌ شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی دۆنیتسك له‌ خۆرهه‌ڵات كوژراون.

باره‌گای هه‌ماهه‌نگی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیله‌كانی جه‌نگ، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رایگه‌یاندووه‌: "ته‌رمی 563 سه‌رباز كه‌ به‌رگریان له‌ ئۆكرانیا كردووه‌، گه‌رێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئۆكرانیا".

شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا به‌رده‌وامه‌ و هێزه‌كانی رووسیا له‌ ناوچه‌یه‌ك، پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، پێش چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، فه‌رمانده‌ی سوپای ئۆكرانیا هۆشداریدا له‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ "روبه‌ڕووی یه‌كێك له‌ به‌هێزترین هێرشه‌كانی رووسیا بووه‌ته‌وه‌".

رووسیا باس له‌وه‌ ده‌كات هێزه‌كانی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا و له‌سه‌ر هێڵی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ر گوند و شارۆچكه‌ی زیاتردا گرتووه‌.

هێزه‌كانی رووسیا له‌ ناوچه‌ی دۆنباس له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا، به‌رده‌وام ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنێت، هه‌رچه‌نده‌ سوپای ئۆكرانیا له‌ رێگه‌ی داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌ هه‌رێمی كورسگی روسی، له‌ هه‌وڵی تێكدانی ئه‌و په‌لاماردانه‌ی هێزه‌كانی روسیایه‌.


PM:11:04:08/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت