وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی رێککەوتنی تیمی "هەژماری من" و بانکی "تی بی ئای" راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
وەزارەرتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو تیمی بانکی تی بی ئای و هەژماری من راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم بێت هەردوو تیمی هەژماری من و بانکی تی بی ئای رێککەوتوون، داوا لەو مووچەخۆران دەکرێت کە تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، بەزووترین کات سەردانی بریکارانی (هەژماری من) بکەن تاکو خۆیان تۆماربکەن.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان:
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و تیمی هەژماری من یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، تیمی (هەژماری من) و شاندی تەکنیکی بانکی تی بی ئای یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجامدا، کە تیایدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. هەفتەی ڕابردووش، هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەست و واژوویان لەسەری کرد بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).
هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوبراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت. نموونەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ڕێکەوتنیان لەسەرکراوە بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. شایەنی باسە کە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی بانکی (TBI) دەکرێت.
بۆیە داوا لەو مووچەخۆرانە دەکەین کە تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، بەزووترین کات سەردانی بریکارانی (هەژماری من) بکەن تاکو خۆیان تۆماربکەن، و سوپاسی ئەوانەش دەکەین کە سەرەڕای بەربەستەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوەیان کرد کەوا هەژمارەکانیان بکەنەوە و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
شایانی باسە تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە. هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی هەشت بانکەکەی ناو پرۆژەی هەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار دەکەن، لەداهاتوودا لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.
PM:08:25:07/11/2024
ئهم بابهته 4352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت