بافڵ تاڵه‌بانی: یه‌كێتی نایه‌وێت ئه‌زموونی حوكمڕانییه‌ تاكڕه‌وه‌كه‌ی رابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق، ریگه‌یاند كه‌ یه‌كێتی نایه‌وێت ئه‌زموونی حوكمڕانییه‌ تاكڕه‌وه‌كه‌ی رابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌، ده‌شڵێت: "ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی تاكڕه‌وی و خۆسه‌پێنیی تێدا نابێته‌وه‌".


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ده‌باشان پێشوازی له‌ ئه‌لینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق كرد.

له‌دیداره‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان دوای هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ كرد و رایگه‌یاند كه‌ "یه‌كێتی به‌ ستراتیژێكی نوێوه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌نێت، نایه‌وێت ئه‌زموونی حوكمڕانییه‌ تاكڕه‌وه‌كه‌ی رابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌".

سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ وتی‌: "بۆیه‌ هه‌وڵی ئێمه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نیشتمانیی به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتییه‌كانی، حكومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر كه‌ جیاوازی له‌نێوان شاره‌كاندا نه‌كات و به‌ یه‌ك ئاست خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بكات".

وتیشی: "ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی تاكڕه‌وی و خۆسه‌پێنیی تێدا نابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سیدا به‌كارده‌هێنران، كۆتاییهات".

بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "چیتر حكومه‌ت نابێت ئه‌و شوێنه‌ بێت كه‌ ته‌نیا كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێكی دیاریكراو بكات، به‌ڵكو حكومه‌تی ئه‌مجاره‌ هی خه‌ڵكه‌ و هه‌ر ده‌بێت بۆ خه‌ڵكیش بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیش له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئیراده‌یه‌، شكست ده‌هێنێت و یه‌كێتی رێگه‌ی پێنادات".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ململانێكانی ناوچه‌كه‌، سه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند "جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و پاراستنی مافی هه‌موولایه‌ك، وه‌كچۆن ئه‌ركی هه‌موولایه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ململانێكانی ناوچه‌كه‌ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و نه‌هێڵن وڵات ببێته‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان".



PM:09:45:03/11/2024












ئه‌م بابه‌ته 2056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت