کۆمیسیۆن: رێژەی گشتی بەشداری لە سەدا 97 بووە


وێستگەنیوز_

نەبەرد عومەر، رایگەیاند، کێشەیەکی ئەوتۆمان نەبووە کە ببێتە هۆکاری راگرتنی پرۆسەی دەنگدان و پرۆسەکە زۆر سەرکەوتوو بوو. 

ئەمرۆ هەینی 18ـی 10ـی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، كێشەی پەنجەمۆر لە دەنگداندا دوو جۆرە، یەکێکیان کارتەکە پەنجەمۆری تێدا نەبێت، ئەم بارودۆخەش 5% زیاتر نییە. کێشەی دووەمیش ئەوەیە ئەوانەی پەنجەمۆریان هەیە بەڵام نایخوێنێتەوە، داواکارین ئەم دوو رۆژە کەمێک ئاگاداری خۆیان بن بۆ ئەوەی بتوانن پەنجەیان بیخوێنێتەوە.

نەبەرد عومەر وتیشی: "وەکو باسمکرد، هەتا ئێستا هیچ پێشێلکارییەکمان بۆ نەهاتووە."

سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئەنجامی دەنگەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ دەنگدانی گشتی پاش 24 کاتژمێر رادەگەیەندرێت."

جەختیشی کردەوە لەوەی، "هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەتوو بوو؛ هیچ کێشەیەکمان لە ئامێرەکاندا نەبوو کە وا بکات پرۆسەکە رابوەستێت."

هاوکات، ئاماری دەنگدانی لە ناوچە جیاوازەکان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد: رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا هەتا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە، ئێوارە دهۆک 98%، هەولێر 97%، سلێمانی 97%، هەڵەبجە 96%، نەینەوا 46%، کەرکووک 56%، دیالە 62%، ئەنبار 8%، بەغداد کەرخ 79%، واست 40% و سەڵاحەدین 40%

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئەوانەی دەنگیان داوە، 208 هەزار و 521 کەس لە کۆی 215 و 960 دەنگدەر. کە ئەمەش دەکاتە، "رێژەی گشتی بەشداری 97%."


PM:08:27:18/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت