كوڕه‌كه‌ی ئوسامه‌ بن لادن له‌ فه‌ره‌نسا ده‌ركرا و چیتر بۆی نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز
برۆنۆ ریتایۆ وه‌زیری ناوخۆی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی ئوسامه‌ بن لادن، دامه‌زرێنه‌ری رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌، دوای ئه‌وه‌ی ساڵانێكه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌وانییه‌كانی ناوچه‌ی نۆرماندی ده‌ژی و وێنه‌ی دیمه‌نی سروشتی ده‌كێشا، له‌ فه‌ره‌نسا ده‌ركرا و چیتر بۆی نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌.


ئه‌م هه‌نگاوه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ عومه‌ری كوڕی ئوسامه‌ بن لادن، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ژماره‌یه‌ك كۆمێنتی نووسیوه‌ و وا ده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ ستایشی تیرۆر ده‌كات.

وه‌زیری ناوخۆی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند فه‌رمانی رێگریكردن له‌ چوونی‌ عومه‌ر بن لادن-ی بۆ فه‌ره‌نسا واژۆكردووه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی پێشتر بڕیاری ده‌ركردنی درابوو.

به‌ڵام وه‌زیری ناوبراو، سه‌باره‌ت به‌ كاتی ده‌ركردنی عومه‌ر له‌ فه‌ره‌نسا یان ناردنی بۆ وڵاتێكی دیكه‌، هیچ ورده‌كارییه‌كی زیاتری نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.

برۆنۆ ریتایۆ له‌سه‌ر پلاتفۆڕمی "ئێكس" نووسیویه‌تی: "عومه‌ر بن لادن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ هه‌رێمی ئۆرن ده‌ژی، به‌و پێیه‌ی هاوسه‌ری هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانییه‌، له‌ ساڵی 2023، له‌ هه‌ژماره‌كانی خۆی له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ژماره‌یه‌ك كۆمێنتی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ستایشی تیرۆر ده‌كات‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "قه‌ده‌غه‌كردنه‌ كارگێڕییه‌كه‌، ئه‌وه‌ی تێدایه‌ به‌ هیچ جۆرێك و له‌به‌ر هیچ هۆكارێك له‌ هۆكاره‌كان، عومه‌ر بن لادن بۆی نییه‌ چیتر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌ره‌نسا".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئاژانسی رۆیته‌رز تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ په‌یوه‌ندی بكات به‌ كوڕه‌كه‌ی بن لادنه‌وه‌ و لێدوانی لێوه‌ربگرێت.

رۆژنامه‌ی "لۆ بابلیكاتۆر لیبر" كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی خۆجێییه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات عومه‌ر له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له‌ یادی له‌دایكبوونی باوكی كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2011 كوشتیان، ژماره‌یه‌ك كۆمێنتی نووسیوه‌ و بووه‌ته‌ جێگای سه‌رنجی ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ره‌نسا.

رۆژنامه‌ هه‌فتانه‌ییه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ پۆلیس له‌ مانگی ته‌موزی 2023، له‌ شارۆچكه‌ی دومفۆرت له‌ نۆرماندی به‌ دوای عومه‌ر بن لادندا گه‌ڕاوه‌.


PM:11:50:08/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت