ئیسرائیل دانیشتوانی‌ باشووری لوبنان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌: له‌ ده‌ریاوه‌ هێرش ده‌كه‌ین


وێستگه‌نیوز-
له‌ پێشهاتێكی نوێدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ سه‌ره‌تای په‌ره‌سه‌ندنی‌ دۆخه‌كه‌وه‌، وته‌بێژی زمانی عه‌ره‌بی سوپای ئیسرائیل هۆشدارییه‌كی به‌په‌له‌ی بۆ دانیشتوانی‌ باشووری‌ لوبنان ده‌ركرد و داوای لێكردن خۆیان به‌دوور بگرن له‌ چوون بۆ كه‌ناره‌كانی ده‌ریا یان سواربوونی به‌له‌م له‌ كه‌ناراوه‌كانی لوبنان له‌ رووباری ئه‌وه‌لی به‌ره‌و باشوور تا كاتێكی‌ نادیار.


ئه‌فیخای ئه‌دره‌عی وته‌بێژی‌ سوپای‌ ئیسرائیل له‌ ڕێگه‌ی ئه‌كاونتی خۆیه‌وه‌ له‌ پلاتفۆرمی‌ "X،" رایگه‌یاند كه‌ سوپا جارێكی تر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر حزبوڵا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان له‌ ده‌ریاوه‌.

هاوكات هۆشداری دایه‌ لوبنانییه‌كان له‌وه‌ی له‌و ناوچانه‌ بن، كه‌ رووباری ئه‌لئه‌وه‌لی‌ لێی ده‌ڕژێته‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ له‌ شاری سه‌یدا كه‌ نزیكه‌ی 60 كیلۆمه‌تر له‌ باكووری سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیله‌وه‌ دووره‌.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سوپای ئیسرائیل به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، بۆ دووه‌مجار له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی له‌ باشووری لوبنان راگه‌یاند.

پێشتریش ئه‌دره‌عی ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هێزه‌كانی سوپای‌ ئیسرائیل ده‌ستیان به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی زه‌مینی ورد و تایبه‌ت كردووه‌ له‌ باشووری لوبنان و ده‌یان ئه‌ندامی حزبوڵایان كوشتووه‌.


PM:08:38:07/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت