قوباد تاڵه‌بانی: نه‌یاران ئه‌مجاره‌ دڵنیان له‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی یه‌كێتی، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاژاوه‌ دروست بكه‌ن


وێستگه‌نیوز-
قوباد تاڵه‌بانی، لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تیمه‌كانی گه‌نجانی یه‌كێتی له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین رایگه‌یاند "له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت بۆ سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی دروست بووه‌ و ئامانجی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی یه‌كێتیش ئه‌وه‌یه‌ به‌ تۆماركردنی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رێڕه‌وی حكومڕانی له‌ هه‌رێم راست بكاته‌وه‌".


لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ ده‌ستپێكی وته‌كانیدا دۆخی یه‌كێتی له‌ ماوه‌ی ساڵانی نێوان 2009 بۆ 2022 شی كرده‌وه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا و له‌ دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ تا دوای ساڵی 2022 رۆژ له‌ دوای رۆژ لاوازتر ده‌بوو و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق و نێوده‌وڵه‌تیشدا ته‌واو بێ كاریگه‌ر ببوو.

وتیشی‌: "به‌ڵام له‌م سێ ساڵه‌دا به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بافڵ تاڵه‌بانی رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌هێزتر بووه‌".

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ "ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌رۆك بافڵ ده‌ناسن، ده‌زانن كه‌ به‌ڵێنێك بدات، جێبه‌جێی ده‌كات".

 وتیشی: به‌ر له‌ دوو ساڵ، به‌ڵێنیدا كه‌ هاوسه‌نگی هێز دروست بكاته‌وه‌ و جێبه‌جێی كرد، له‌ دوای سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و موسڵ و له‌ گۆڕینی  یاسای هه‌ڵبژاردن و چه‌ندین سه‌ركه‌وتنی دیكه‌ش، ئێستا چ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا یه‌كێتی نه‌ك وه‌ك جاران هێزێكی په‌راوێزخراو و بێ كاریگه‌ر نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و هێزه‌یه‌ له‌ناو هه‌موو هاوكێشه‌كاندا حیسابێكی گه‌وره‌ بۆ سیاسه‌ت و بڕیار و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی ده‌كرێت".

لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، دۆخی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ و به‌ تایبه‌تیش لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی شی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ "هیچ لایه‌نێكیان كه‌ره‌سته‌ی پێویستیان نییه‌ بۆ چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی حكومڕانی".

 وتیشی: "ته‌نانه‌ت یه‌كێتی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش توانای چاكسازی و گۆڕانكاری نه‌بوو، به‌ڵام یه‌كێتی له‌م قۆناغه‌دا و به‌و سه‌رۆكه‌ به‌هێزه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی و به‌و خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ كه‌ كردویه‌تی و به‌هۆی چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌شه‌وه‌ ته‌نها لایه‌نێكه‌ كه‌  كه‌ره‌سته‌ی پێویستی بۆ چاكسازی راسته‌قینه‌ و راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی حكومڕانی هه‌یه‌ و ئه‌مجاره‌ ده‌توانێت و ده‌شیكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ڵێنی سه‌رۆك بافڵ و ئیراده‌ و خواستی سه‌ركردایه‌تی و هه‌موو كادر و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتییه‌".

لێپرسراوی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند "نه‌یارانی یه‌كێتی ئه‌مجاره‌یان دڵنیان له‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی یه‌كێتی، هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاژاوه‌ و كێشه‌ دروست بكه‌ن و بێ ڕێزی به‌ كاندیده‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كانمان بكه‌ن".



PM:11:05:01/10/2024
















ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت