سعودیه‌ مه‌رجه‌كه‌ی‌ بۆ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئیسرائیل دووپاتكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-

شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌بێ‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌له‌ستین، هیچ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ‌ ئیسرائیل دروست ناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ له‌ میانه‌ی كردنه‌وه‌ی كاره‌كانی ساڵی یه‌كه‌می خولی نۆیه‌می ئه‌نجومه‌نی شورا له‌ لێدوانێكدا وتی: "پرسی فه‌له‌ستین له‌ پێشه‌نگی سه‌رنجی وڵاته‌كه‌دایه‌، به‌ توندی‌ سه‌ركۆنه‌ی تاوانه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری ئیسرائیل له‌ دژی گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌كه‌ین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌".

وتیشی‌: "شانشینی‌ سعودیه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كانی‌ له‌پێناو دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌له‌ستین كه‌ پایته‌خته‌كه‌ی‌ قودسی‌ رۆژهه‌ڵات بێت".

شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌بێ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فه‌له‌ستین، شانشینی سعودیه‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دروست ناكات".

هاوكات سوپاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی كرد كه‌ دانیان به‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا ناوه‌ وه‌ك به‌رجه‌سته‌كردنی شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و داواشی له‌ وڵاتانی دیكه‌ كرد كه‌ هه‌نگاوی هاوشێوه‌ بنێن.


PM:07:37:18/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو