داهاتی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌میكرد


وێستگه‌نیوز-
ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ی راگه‌یاند كه‌ كه‌متر له‌ 9 ملیار دیناره‌، كه‌ به‌راورد به‌ داهاتی هه‌فته‌ی‌ پێشوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌میكردووه‌.


ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی سلێمانی له‌ رۆژی 7ی ئه‌یلول تا ئه‌مڕۆ 13ی ئه‌یلولی‌ 2024، بڕی 8 ملیار و 730 ملیۆن و 6 هه‌زار و 100 دینار بووه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌و بڕه‌ 6 ملیار و 936 ملیۆن و 585 هه‌زار و 950 دیناری نه‌ختینه‌یه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ 1 ملیار و 793 ملیۆن و 420 هه‌زار و 150 دیناری به‌شێوه‌ی چه‌كه‌ كه‌ رێژه‌ی 20% پێكده‌هێنێت.

 ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ داهاتی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی‌ سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی‌ پێشوو كه‌ 15 ملیار و 520 ملیۆن و 588 هه‌زار و 782 دینار بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌میكردووه‌.

به‌گوێره‌ی‌ ماڵپه‌ڕی‌ شه‌فافیه‌ت، ئێستا رۆژانه‌ سه‌رجه‌م داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕین له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ تۆمار ده‌كرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

له‌ 15ی كانوونی یه‌كه‌می 2022 قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی شه‌فافییه‌تی له‌باره‌ی داهات و خه‌رجی راگه‌یاند، به‌ڵام تائێستا پڕۆژه‌كه‌ نه‌توانراوه‌ سه‌رتاسه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت.


AM:11:02:13/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت