مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: جەخت لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە


وێستگه‌نیوزـ

بەبۆنەی یادی 63 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوولەوە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، "جەخت لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە".

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەین، بە جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان".

دەقی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی:

ئەمڕۆ (63) ساڵ بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، ئەو شۆڕشەی بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر پێشڕەوی پارتیمان ھەڵگیرسا و مێژوویەکی نوێی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تۆمارکرد.

دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لەو سەردەمە دژوار و سەختەی ئەوسا بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەرئەوەی وەک پێویستییەکی مێژوویی و دیرۆکی بەرپابوو، ھەروەھا شۆڕش سەلماندی، کە ڕەگوڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیھێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەک جووڵانەوەیەکی سیاسی تایبەتمەندی خۆی ھەبوو چونکە تەنیا سیاسی و چەکداری نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتی و فیکری و ڕۆشنبیری و پێگەیاندن و تەندروستی و دروستکردنی بڕوابەخۆبوونیش بوو، بۆیە خاوەن مۆرکێکی جیاواز بوو بەجۆرێک دڕکی بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەھامەتی دا و، ترووسکایی ئاسۆی بەدیھێنانی مافەکانی گەلەکەمانی لێ بەدیکرا.

دەنگ و پەیامی شکۆداری شۆڕشی ئەیلوول ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرە ئایین و نەتەوەیی کوردستانی و کولتووری شۆڕشگێڕی کوردایەتی و ڕەسەنایەتی بوو، لەسەرینی ئەمەوە شۆڕشێکی درێژخایەن و مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگەیشدا قوربانییەکی بێشووماری پێشکەش بە خاک و نەتەوە و کێشە ڕەواکەمان کرد.

بەرنامە و داواکاری و خواستی شۆڕشی ئەیلوول ھەمیشە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان و خەڵکی کوردستان بە گشتی خۆی دەبینییەوە و ھەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە لای نەداوە و نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکییەکان سازش و سڵی نەکردووە، بەڵکوو سوورتربووە لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسی و ئابووریی و کولتووری ھۆشیاربوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانی.

لەلایەکی دیکەوە شۆڕشی ئەیلوول وەک ڕووداوێکی گرنگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێک لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیھانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەک ھێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970.

ھەروەھا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەک و ھەموو سنوورە ناوچەیی و ئایینی و مەزھەبیەکانی ڕووخاند و تەواوی گەلی کوردی لە چوارچێوەی ھێزی بەرھەڵستکاری دژ بە دیکتاتۆریی و ملھوڕی یەکخست.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک ھەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی ھەماھەنگی و ھاوگوتاری سیاسی و ھاوھەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووری و یاسایی ھەرێم و دەسکەوتەکانمان.

لەم یادە پیرۆزەدا لە سەروبەندی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جەخت لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە کە بڕیارە لە 20-10-2024 ئەنجام بدرێت، لەلایەکی ترەوە داواکارین و بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین، بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسیی و ئیدارییەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان.

لەم دەرفەتەدا جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسەر سیاسەتی دروست و واقعبینانەی سەرۆک (مەسعود بارزانی) و پارتیمان کە لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانەوە سەرچاوە دەگرن و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و ھاوسەنگیی و دەستێوەرنەدان بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیرییە بۆ ھەموو لایەک.

لە بیرەوەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ھەمدیسان بەڵێن و ئەمەکداری بۆ خوێن و گیانی شەھیدە نەمرەکانمان دووپات دەکەینەوە، کە لەسەر ھەمان ڕێبازی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان پێکەوە و بە خۆڕاگرییەوە بەردەوام بین.

لەم یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و رێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.

سڵاو لە بیرەوەری(63) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد.

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.

ھەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش ھەر ئاوەدان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

11ی ئەیلوولی 2024


PM:12:22:11/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو