پێشه‌وا هه‌ورامانی: دوای ناردنی پاره‌كه‌ی به‌غدا لیستی مووچه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هیچ به‌ربه‌ستێك له‌ به‌رده‌م ناردنی مووچه‌ نه‌ماوه‌ و چاوه‌ڕوانی پاره‌كه‌ی به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ راگه‌یاندنی لیستی مووچه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وتی، "دوای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچه‌ی مانگه‌كانی داهاتووی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، هیچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م ناردنی مووچه‌ نه‌ماوه‌ و چاوه‌ڕێی ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ماوه‌".

وتیشی: "دوای ناردنی پاره‌كه‌ی به‌غدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیستی مووچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هه‌شت ده‌كرێت و ئاماده‌كارییه‌كانیش بۆ مووچه‌ی مانگ نۆ ده‌ست پێده‌كات".

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كوردستان 24، ئه‌وه‌شی وتووه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ نییه‌تپاكی خۆی نیشانداوه‌، ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ چاره‌كردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلولی 2024، سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ حكومه‌تی عێراق به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا مووچه‌ راگیراوه‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكرێت.

هاوكات هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند: به‌رهه‌می كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌، تا كۆتایی ساڵ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

وتیشی‌: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا كه‌ تا كۆتایی ساڵ مووچه‌ی  فه‌رمانبه‌رانی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ هه‌رێم راشیگه‌یاند كه‌ "حكومه‌تی  هه‌رێمی كوردستان تا سه‌ری ساڵ بایۆمه‌تری و هه‌ژماری من ته‌واو ده‌كات".

لای‌ خۆیه‌وه‌ خالید شوانی، وه‌زیری دادی عیراق وتی‌: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕیاریداوه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ ته‌واوی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج بكات".
 
وتیشی‌: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ته‌ئكیدیكردوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت هه‌رێم ته‌واوی گرفته‌ ته‌كنییه‌كانی مووچه‌ تاكۆتایی ئه‌مساڵ چاره‌سه‌ربكات".


PM:07:43:10/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 6888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت