لاهور شێخ جه‌نگی: قبووڵی ناكه‌م په‌راوێز بخرێم و رێگه‌ بۆ هیچ كه‌سێك چۆڵ ناكه‌م


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل رایگه‌یاند كه‌ ەگەر بیانتوانیایە بە لیست بەشداری‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، حزبیان دروست نەدەکرد، ده‌شڵێت: "قبووڵی ناكه‌م په‌راوێز بخرێم و ئامانجم ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات بگرمه‌ ده‌ست".


لاهور شێخ جه‌نگی سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ‌ كه‌ناڵی‌ زووم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "وانه‌ی باشم له‌ رووداوه‌كانی 8ـی ته‌مموز وه‌رگرتووه‌ و ئه‌وه‌ی‌ لێوه‌ی‌ فێربووم ره‌نگه‌ به‌ 20 ساڵ‌ فێری‌ نه‌بوومایه‌ و له‌ دوای رووداوه‌كانه‌وه‌ كه‌موكورتییه‌كان باشتر ده‌بینم".

سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل ده‌ڵێت: "ئه‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانی‌ تێكه‌وتووه‌ دروستكراوه‌ و چاره‌سه‌ری ئاسانه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "كاتێك به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری بووم رێگریم له‌ ئه‌جێندانی وڵاتانی هه‌رێمی ده‌كرد. نه‌یاری سه‌رسه‌ختی سیاسه‌تی پارتی بووم و هه‌موو كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌خرایه‌ ئه‌ستۆی من".

وتیشی‌: "پارتی و یه‌كێتی هێزی ئه‌منییان له‌گه‌ڵ نه‌ماوه‌ و قبووڵی ناكه‌م په‌راوێز بخرێم و رێگه‌ بۆ هیچ كه‌سێك چۆڵ ناكه‌م، ەگەر بمانتوانیایە بە لیست بەشدار بین حزبمان دروست نەدەکرد".

لاهور شێخ جه‌نگی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدان نانی باوكیان ده‌خۆن و له‌ چه‌ندین قۆناغی هه‌ستیاردا یه‌كێتیم له‌ لێكترازان پاراستووه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وانه‌ی‌ تاوانبارن به‌ كوشتنی‌ هاوڕێكانم ملكه‌چی‌ دادگا ده‌كرێن".

ده‌شڵێت: "پارتی و یه‌كێتی هێز و پاره‌یان نه‌ماوه‌ و ده‌بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگۆڕین".

سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل كه‌ پێشتر هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ بووه‌ راشیگه‌یاند كه‌ "پارتی و هاوسۆزانی له‌ یه‌كێتی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 2018ـیان قبووڵكرد و یه‌كێتی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ پارتی 45 كورسی هه‌بێت، به‌ڵام كاك بافڵ و كاك قوباد به‌بێ پرسی یه‌كێتی 45 كورسیان پێشكه‌شی پارتی كرد".


PM:09:28:04/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت