زانیاری‌ نوێ ده‌رباره‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك


وێستگه‌نیوز-

له‌ شارۆچكه‌ی‌ دوبسی‌ سنووری‌ كه‌ركوك ته‌قینه‌وه‌ روویدا و به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ ئاگادریش ئه‌فسه‌رێكی‌ سوپا گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌ و سێ‌ سه‌ربازیش برینداربوون.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلولی 2024، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ورده‌كاری ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ئاشكرا كرد كه‌ كاروانێكی هه‌واڵگری سه‌ربازی له‌ پارێزگای كه‌ركوك كرده‌ ئامانج و  رایگه‌یاند كه‌ "كاروانێكی یه‌كه‌ی‌ هه‌واڵگری فیرقه‌ی هه‌شته‌می سوپای عێراق كه‌ له‌ ئه‌ركێكی دیاریكراودابوو له‌ بناری رۆژهه‌ڵاتی شارۆچكه‌ دوبس له‌ كه‌ركوك، بۆمبێكی‌ چێنراوی‌ پێدا ته‌قییه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "له‌ ئه‌نجامدا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هه‌واڵگری فیرقه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكه‌ به‌ پله‌ی موقه‌ده‌م شه‌هید بوو، سێ سه‌ربازیش به‌ سه‌ختی‌ بریندار بوون".

وتیشی‌: "تیمێكی تایبه‌تمه‌ند ده‌ستیانكرد به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی پشكنین له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئایا بۆمبه‌كه‌ كۆن بووه‌ یان به‌م دواییه‌ دانراوه‌ و دڵنیابن له‌وه‌ی هیچ بۆمبێكی‌ تری‌ لێ نییه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "ته‌قینه‌وه‌كه‌ هێنده‌ به‌هێزبووه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بۆمبه‌كه‌ چه‌ند كیلۆگرامێك ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێزی‌ تێدابووه‌".

كاتێكی‌ پێشتری ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراو له‌ باكووری ڕۆژئاوای پارێزگای كه‌ركوك، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی‌ هه‌وڵگری‌ ئیتلاعاتی فیرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراق كوژراوه‌ و دوو سه‌ربازیش برینداربوون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ به‌غداد ئه‌لیه‌وم وتی‌: "له‌ چیای غه‌ره‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی دوبس له‌ پارێزگای كه‌ركوك، بۆمبێكی‌ چێنراو به‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ سه‌ربازیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌".


PM:08:58:04/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت