مه‌سعود بارزانی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌شت ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كۆبۆوه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ هه‌شت ئه‌ندانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌نێویاندا راكان جبوری‌ پارێزگار كۆبۆوه‌.


باره‌گای‌ بارزانی‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4ی ئابی 2024 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له‌ شاندێكی هاوبه‌شی كوتله‌ی عه‌ره‌بی و توركمانیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و ژماره‌یه‌ك پارله‌مانتار و سه‌ركرده‌ی سیاسی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شێخ خه‌میس خه‌نجه‌ر كرد.

به‌پێی‌ به‌دواداچوونه‌كانی‌ وێستگه‌نیوز، له‌ كۆی شه‌ش ئه‌ندامی كوتله‌ی‌ عه‌ره‌بی چوار ئه‌ندامیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانی بوون به‌ راكان جبوری‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌.

هاوكات هه‌ردوو ئه‌ندامه‌كه‌ی كوتله‌ی توركمان و دوو ئه‌ندامه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ بوون.

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كوتله‌ عه‌ره‌بی كه‌ ئاماده‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون بریتی‌ بوون له‌ (راكان جبوری، ئه‌حمه‌د حه‌مدانی) له‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ و (ره‌عد ساڵح و محه‌مه‌د ئیبراهیم) له‌ هاوپه‌یمانی قیاده‌.

له‌ به‌ره‌ی توركمانی-ش هه‌ریه‌ك له‌ (ئه‌حمه‌د ره‌مزی و سه‌وسه‌ن جه‌دوع) و له‌ فراكسیۆنی پارتی-ش (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د و شۆخان حه‌سیب) ئاماده‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ بوون له‌ پیرمام.

واتا له‌ كۆی‌ 16 ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك تائێستا بارزانی‌ له‌گه‌ڵ‌ (8) ئه‌ندامیان كۆبۆته‌وه‌.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌روه‌ها دۆخی كه‌ركوك و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك و دیاریكردنی پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی تری كه‌ركوك ئاڵۆگۆڕ كرا".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "له‌و دیداره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ره‌كان به‌ ئاراسته‌ی ڕه‌چاوكردنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركوك و له‌ خزمه‌ت پاراستنی سه‌قامگیری و ئارامیی ئه‌و شاره‌ و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان و بوژانه‌وه‌ی كه‌ركوك بێت ئه‌ویش له‌ چوارچێوه‌ی ته‌وافق و كۆده‌نگیی نیشتیمانی".



PM:06:22:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت