سێ بەرپرسى ئەمریکی کاتى هێرشى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئاشکرا دەکەن

‌دیمەنى هێرشێکى مووشەکى پێشووى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. فۆتۆ: AFP

وێستگه‌نیوزـ

سێ بەرپرسی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکیان راگەیاندووە، کە پێشبینی دەکەن سبەینێ دووشەممە، ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.


پێگەکە، لە زاری سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بڵاویکردووتەوە، کە لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دڵنیان، بەڵام نازانن ئاخۆ ئێران و حزبوڵلای لوبنانی پێکەوە هێرشەکانیان دەکەن یان بە جودا؟ هۆی ناڕوونی هێرشەکانیشیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ئێران و حزبوڵلا لەسەر ئاستی سیاسیی، بڕیاری کۆتاییان لە سەر پلانە سەربازییەکانیان نەداوە.

بەرپرسە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان پێشبینی دەکەن ئێران هاوشێوەی هێرشە مووشەکییەکانی 13ی نیسان، ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و بە تایبەتی بنکەی ئاسمانی بنیڤاتیم بۆمباران بکاتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە هێرشەکان فراوانتر بن.

ئێران لە 13ی نیسانی ئەم ساڵ، لە تۆڵەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

هێرشەکە، نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند. بڕیاریشە هێرشی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ تۆڵە سەندنەوەی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بێت، ‌کە بەرەبەیانی چوارشەممە 31ی تەممووزی 2024، لە هێرشێکدا لە ناوجەرگەی تاران لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکەی لە شوێنی مانەوەیان کوژران و ئێرانیش لە ئاستی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە.


AM:09:29:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 11388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو