د. به‌رهه‌م ساڵح: پێویسته‌ ئاماده‌یی بۆ دۆخێكی مه‌ترسیدار و پڕ ئاڵنگاری قورس بكه‌ین


وێستگه‌نیوز-
د. به‌رهه‌م ساڵح هۆشداری له‌ هاتنه‌كایه‌ی دۆخێكی نوێی هاوشێوه‌ی داعش ده‌دات و رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ ئاماده‌یی بۆ دۆخێكی مه‌ترسیدار و پڕ ئاڵنگاری قورس بكه‌ین، ده‌شڵێت: "تا ئێستا سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال به‌دی نه‌هاتووه‌".


د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ناونیشانی "له‌ ده‌یه‌مین ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدیه‌كاندا؛ نه‌ عه‌داله‌ت به‌دیهاتوه‌ و نه‌ مه‌ترسی بیری توندڕه‌وی كۆتایی هاتوه‌" نووسیویه‌تی، "چاره‌نوسی زیاتر له‌ دوو هه‌زار ژن و كچی به‌ كه‌نیزه‌كراوی رفێنراو به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌،  شه‌نگالیش تا ئێستا سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی بۆ به‌دی نه‌هاتۆته‌وه‌".

د. به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ دوای 10 ساڵ له‌و مه‌رگه‌ساته‌ هێشتا زۆر ماوه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی عه‌داله‌ت و جێگیركردنی مافی پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌ن و ئاشتیخوازی ئه‌م نیشتمانه‌".
ده‌شڵێت: "با چیتر داواكاری ره‌وای خه‌ڵكی خۆمان گیرۆده‌ی بێنه‌وبه‌ره‌ی سیاسی نه‌بێت و به‌ هۆی به‌رژه‌وندییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ خه‌مساردی له‌ به‌دیهێنانیان نه‌كرێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئه‌م تاوانه‌ی ڕویدا له‌ ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می ده‌زگای ئه‌منی و حوكمڕانی بوو له‌و ناوچانه‌ كه‌ هه‌ره‌سیان هێنا له‌ به‌رگریكردن له‌ ئاواییه‌كانی ئێزدیه‌كان و خه‌ڵكی ئاسایی و له‌ نێویاندا ژماره‌یه‌كی زۆر ژن و كچ و منداڵ بۆ وه‌حشیه‌تی داعشه‌كان به‌ جێهێڵدران".

هۆشداریشی‌ داوه‌ له‌وه‌ی‌ " پێویسته‌ دان به‌وه‌دا بنێین كه‌ پاشماوه‌ی بیری داعشی له‌ ئێستاشدا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ناكرێ پشتگوێی بخه‌ین. داعش و هاوشێوه‌كانی كۆتاییان نه‌هاتوه‌، پێویسته‌ ئاماده‌یی بۆ دۆخێكی مه‌ترسیدار و پڕ ئاڵنگاری قورس بكه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌ میانی دیمه‌نی هه‌رێمایه‌تی ئاڵۆزو شڵه‌ژاوی پڕ له‌ ململانێدا".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "پێویسته‌ كۆسیسته‌مێكی كاری هه‌رێمی سیاسی و ئه‌منی و ئابوری هاوكاری بدۆزینه‌وه‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی ئاڵینگاریه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ كه‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌وێ كه‌ ئه‌م خولانه‌وه‌ بێهوده‌یه‌ كۆتایی پێ بێت و بگه‌ن به‌ ئاستی گه‌لانی دنیا".

بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ ده‌قی‌ وتاره‌كه‌، كلیك لێره‌ بكه‌:


AM:11:32:03/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت