ئەمریكا گۆڕانكاریی لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

‌ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكرد، گۆڕانكاریی لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و جەخت لەوەشدەكاتەوە، لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا كە بە "پنتاگۆن" ناسراوە رایگەیاندووە، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی گۆڕانکاری لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بەڵام هێشتا بڕیاری نەداوە چ جۆرە توانایەکی بەرگریی لە ناوچەکە جێگیر بکرێت.

لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و زیادبوونی گرژییەكان لەگەڵ ئێران و حیزبوڵای لوبنان روونكراوەتەوە، "لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەردەوامدەبین لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل".

هاوكات، لەبارەی هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر سنوورەكان و چەند ناوچەیەكی عێراق، پنتاگۆن باسی لەوەكردووە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمدواییەیان لە عێراق، بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشێک بوو کە هێزەکانیانی دەکردە ئامانج.

شەوی 31ـی 7ـی 2024، سوپای ئەمریكا لە رێگەی بۆردوومانی ئاسمانییەوە ناوچەی جەرف نەسری لە پارێزگای بابل كردە ئامانج، دواتر دەستەی حەشدی شەعبی ئاشكرایكرد، لیوای 47ـی هێزەكانیان كراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار ئەندامیان كوژراون.

بەهۆی كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران كە بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران چووبووە ئەو وڵاتە، گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوكات ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان روویان لە زیادبوون كرد.

ئێران و حیزبوڵا، ئیسرائیل بە كوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەكەن و بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەگەری هەیە هەردولایان لە وەڵامی كوشتنی هەنییە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدەن.


PM:09:53:02/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو