موقته‌دا سه‌در سه‌ردانی عه‌لی سیستانی كرد

‌ساتی پێشوازی کردنی سەدر لەلایەن نووسینگەی سیستانییەوە

وێستگه‌نیوزـ

موقتەدا سەدر، سه‌رۆكی رەوتی نیشتمانی شیعە ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ته‌مموزی 2024، سەردانی ماڵی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان عەلی سیستانی كرد لە شاری نەجەف.


نووسینگەی راگەیاندنی سەدر، كۆمەڵێك وێنەی ساتی چوونە ژوورەوەی سەدری بڵاوكردووەتەوە بۆ ماڵی سیستانی سەردانەكەش بۆ بەشداریكردنە لە دانیشتنی پرسەی ئیمام حوسێن.

سەدر یەكەم سەركردەی سیاسیە بانگهێشتی دانیشتنی ماتەمینی ئیمام حوسێن بكرێت، كە مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان رێكیسختووە، لە مساڵدا ئەوە جاری دووەمە سەدر سەردانی سیستانی دەكات، لەكاتێكدا ساڵانێكی زۆرە، سیستانی ئامادەنیە پێشوازی لە هیچ سیاسی و بەرپرسێكی حكومەتی عێراق بكات.

سەردانەكەی سەدر بۆ لای سیستانی، هاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ شانۆی سیاسی عێراق و بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەناوی رەوتی نیشتمانیی شیعی كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.


PM:12:45:14/07/2024








ئه‌م بابه‌ته 764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت