بایدن: ئیسرائیل و حه‌ماس له‌سه‌ر ئاگربه‌ست رێككه‌وتن
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێككه‌وتنی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی ئاگربه‌ستی غه‌ززه راگه‌یاند، ده‌شڵێت: "هێشتا كار ماوه ئه‌نجام بدرێن".
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس رێككه‌وتوون، له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی بارمته‌كان كه شه‌ش هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر پێشكه‌شی كرد.
بایدن وتی: "شه‌ش هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی ههمهلایهنهم بۆ چۆنیه‌تی گه‌یشتن به ئاگربه‌ست و گه‌ڕانه‌وه‌ی بارمته‌كان بۆ ماڵه‌كانیان خسته‌ڕوو".
وتیشی: "هێشتا كار ماوه كه ئه‌نجام بدرێن و ئه‌مانه پرسگه‌لێكی ئاڵۆزن، به‌ڵام ئێستا ئیسرائیل و حه‌ماس له‌سه‌ر ئه‌م چوارچێوه‌یه رێككه‌وتوون".
سه‌رۆكی ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه "تیمه‌كه‌م به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت و بڕیارم داوه ئه‌م بابه‌ته به ئه‌نجام بگه‌یه‌نم".
كۆتایی ئایاری رابردوو جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو دانوستانكارهكانیان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان سه‌رنجیان خستبووه‌سه‌ر كۆتایی هێنان به شه‌ڕی غه‌ززه به یه‌كجاری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بارمته‌كان بۆ نیشتمانی خۆیان، بۆ دروستكردنی رۆژێكی باشتر له غه‌ززه به‌بێ ئه‌وه‌ی حه‌ماس له ده‌سه‌ڵاتدا بێت.
هاوكات ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ راگرتنی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئازادكردنی سه‌رجه‌م بارمته‌كان راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له سێ قۆناغ پێكهاتووه له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه دراوه‌ته بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس.
روونیشیكرده‌وه كه "یه‌كه‌میان ئاگربه‌ستێكی ته‌واوی شه‌ش هه‌فته‌ییه و هه‌مو هێزه‌كانی ئیسرائیل له غه‌ززه ده‌كشێنه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بارمته‌ی ئیسرائیلی ئازاد بكرێن هه‌روه‌ها سه‌دان دیلی فه‌ڵه‌ستینیش له‌لایه‌ن ته‌لئه‌بیبه‌وه ئازاد ده‌كرێن".
بایدن باسی له‌وه‌شكرد كه "له ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌ی قۆناغی یه‌كه‌می ئاگربه‌سته‌كه ئیسرائیل و حه‌ماس تاووتوێی قۆناغی دووه‌می ئاگربه‌سته‌كه ده‌كه‌ن، ئیسرائیل ده‌یه‌وێت داواكارییه‌كانی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وه‌ی باشه ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان به‌رده‌وام بن ئه‌گه‌ر شه‌ش هه‌فته‌كه‌ش كۆتایی بێت ئه‌وا ئاگربه‌ست له كاتی گفتوگۆكانیشدا به‌رده‌وام ده‌بێت".
سه‌رۆكی ئه‌مریكا راشیگه‌یاند كه "قۆناغی دووه‌می ئاگربه‌سته‌كه ئازادكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و بارمته ئیسرائیلیانهیه كه له ده‌ستی حه‌ماسدا ماونه‌ته‌وه له ناویاندا سه‌ربازه‌كان".
PM:08:18:12/07/2024
ئه‌م بابه‌ته 1556
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت