رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی: حه‌ماس به‌نیازه‌ قه‌ته‌ر جێبهێڵێت و بچێته‌ عێراق


وێستگه‌نیوز-
رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌مریكی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌كاتێكدا ده‌وحه‌ و ئه‌مریكا فشاریان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ زیادكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌رمییه‌كی زیاتر له‌ دانوستانه‌كان بۆ ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ نیشان بده‌ن، سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌نیازن به‌ پاراستنی‌ ئێران، وڵاتی‌ قه‌ته‌ر به‌جێبهێڵن و بچنه‌ عێراق.


به‌گوێره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ "The National"ی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ زاری‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ پلانیان دانابوو قه‌ته‌ر به‌جێبهێڵن، له‌ مانگی رابردوودا حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ میوانداری سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی بكات و ئێران به‌رپرسیارێتی پاراستنی نووسینگه‌كان و فه‌رمانبه‌رانی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ به‌غدا له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

ئه‌م سه‌رچاوانه‌ ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ "تیمه‌ ئه‌منی و لۆجستییه‌كانی‌ حه‌ماس چوونه‌ته‌ به‌غدا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌".

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ مانگی رابردوو ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس و نوێنه‌رانی حكومه‌تی عێراق و ئێران تاووتوێ كراوه‌.

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ دیاری عێراقی ئه‌م وتووێژانه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتی: "مانگی ڕابردوو ئه‌م هه‌نگاوه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌نێوان ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق تاووتوێ كراوه‌”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ عێراقییه‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "هیچ كۆده‌نگییه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ چوونی حه‌ماس بۆ به‌غدا، به‌و پێیه‌ی هه‌ندێك به‌تایبه‌ت كورد و به‌شێكی سوننه‌ ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا".

وتیشی‌: "سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی كۆده‌نگی، بڕیاری حكومه‌تی عێراق بۆ میوانداریكردنی حه‌ماس هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی‌ نییه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سیاسیی عێراقییه‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "به‌غدا پێشوازی له‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌كات كه‌ حه‌ماس له‌ ئاستێكی باڵادا له‌ عێراق بوونی‌ هه‌بێت".

وتیشی‌: " هه‌رچه‌نده‌ له‌م مانگه‌دا حه‌ماس نووسینگه‌یه‌كی سیاسی به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د ئه‌لحافی له‌ به‌غدا كرده‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ واده‌یه‌كیان بۆ چوونی یه‌كجارییان بۆ عێراق دیاری‌ نه‌كردووه‌،”.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، "پلان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا نووسینگه‌یه‌كی راگه‌یاندن له‌ به‌غدا بكاته‌وه‌”.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ به‌ نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا و میسر و قه‌ته‌ر هێشتا له‌ دۆخێكی خراپدایه‌.

دوای ئه‌وه‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێشنیارێكی بۆ كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌ ڕاگه‌یاند، به‌رپرسانی ئه‌مریكا، لۆمه‌ی‌ حه‌ماس ده‌كه‌ن و به‌به‌رپرسیاری‌ نه‌بوونی هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ وتووێژه‌كانی‌ ده‌زانن.

له‌و كاته‌وه‌ی حه‌ماس به‌ كرده‌وه‌ پێشنیازه‌كه‌ی‌ بایدنی‌ ره‌تكرده‌وه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی گرنگ له‌ نێوان نێوه‌ندگیرییه‌كان و حه‌ماس و ئیسرائیلدا ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

حه‌ماس پێشنیازه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و داواكه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر ڕێككه‌وتنێك ده‌بێت ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ و كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی ئیسرائیل و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی غه‌ززه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بێ مه‌رجی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ی كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ ئاواره‌ بوون، دابین بكات.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، به‌رپرسانی حه‌ماس ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌ركردن ببنه‌وه‌ له‌ قه‌ته‌ر، له‌وانه‌ش بلۆككردنی‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی غه‌ززه‌، ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ دانوستانه‌كاندا نه‌رمی نه‌نوێنێت.

ئه‌م هۆشدارییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌م مانگه‌دا له‌ ده‌وحه‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیرانی قه‌ته‌ر و میسر، به‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ نێویاندا هه‌نیه‌ درا.

دانوستانه‌كان دوای سه‌ردانێكی ویلیام بێرنز به‌ڕێوه‌به‌ری سی ئای ئه‌ی بۆ ده‌وحه‌ ئه‌نجام درا.

به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌كه‌، "ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ڕوو له‌ عێراق بكه‌ن، ئه‌وه‌ ئاسته‌نگی‌ زیاتر بۆ دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ست دروست ده‌كات، چونكه‌ پێده‌چێت ده‌وحه‌ كه‌متر كاریگه‌ری له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ هه‌بێت، كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی له‌ ساڵی 2012ه‌وه‌ له‌ قه‌ته‌ر ده‌ژین".

سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی وت كه‌ "حه‌ماس پلانی هه‌یه‌ جۆرێك له‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ ده‌وحه‌ بهێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر بكات، چونكه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ده‌وحه‌ لایه‌نێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی غه‌ززه‌ بێت له‌ دوای جه‌نگ".

هه‌روه‌ك ده‌وحه‌ میوانداری گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا ده‌كات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و قه‌ته‌ریش ساڵانێكه‌ پاڵپشتی سه‌ره‌كی دارایی حكومه‌تی حه‌ماسه‌ له‌ غه‌ززه‌.




PM:08:47:25/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت