"له 5 مانگدا زیاتر له هه‌زار بازرگان و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون"
وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له ماوه‌ی پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا زیاتر له هه‌زار بازرگان و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر له سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیركراون. ده‌شڵێت: "هه‌رێم وه‌كو ترانزێت بۆ مادده‌هۆشبه‌ره‌كان به‌كارده‌هێنرێت".
عه‌قید سه‌لام عه‌بدولخالق، وته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند كه "له‌ماوه‌ی پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا نزیكه‌ی 572 بازرگان و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر له سنوری پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیركراون، به‌ڵام كۆی ده‌ستگیركراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌گاته سه‌رووی هه‌زار كه‌س".
وته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: "هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی مادده هۆشبه‌ره‌كانی عێراق هه‌یه و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له نێوانماندا هه‌یه".
ده‌شڵێت: "له ماوه‌ی ڕابردوودا‌و به‌هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم و عێراق، 4 بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركران یه‌كێكیان له هه‌رێم و ئه‌وانی تر له به‌سره".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "هه‌ندێك جۆری مادده‌ی هۆشبه‌ر له عێراقه‌وه ده‌هێنرێت و هه‌ندێكیشی له هه‌رێمه‌وه ده‌برێت، به‌ڵام له‌مساڵدا ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر زیادیكردووه‌و به‌كارهێنان كه‌میكردووه".
ڕۆژی 14 ی مانگی شه‌شی 2024، كاتێك هێزێكی ئه‌منی هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی بازرگانێكی مادده‌ی هۆشبه‌ریان له سنوری پارێزگای سلێمانی داوه، ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له نێوانیاندا ڕوویداوه‌و كارمه‌ندێكی ئاسایش و بازرگانه‌كه‌ش برینداربوون، كه ده‌وترێت 50 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ری پێبووه.
عه‌قید سه‌لام عه‌بدولخالق له‌وباره‌وه روونیكرده‌وه كه "چه‌ندینجار له‌كاتی ده‌ستگیركردنی بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ڕوویداوه، هه‌ندێكجار له هێزه‌كانی ئێمه‌ش بریندار هه‌بووه، چونكه ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و هه‌موو بڕه له مادده‌ی هۆشبه‌ر ئاسان نییه‌و شه‌ونخوونی ویستووه".
وتیشی: "له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مادده هۆشبه‌ره‌كانی عێراق، بازرگانێكی نێوده‌وڵه‌تیمان له‌شاری كه‌ركوك ده‌ستگیركرد، 51 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ری ئاماده‌كردبوو بیهێنێته هه‌رێمی كوردستان".
له كۆتایی مانگی 4 ی 2024، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له گوندی ئاوبار‌ی نزیك قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستیان به‌سه‌ر كارگه‌یه‌كی مادده‌ی هۆشبه‌ردا گرت، به‌پێی وته‌ی به‌رپرسانی ئاسایشی هه‌رێم كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كریستاڵ بووه.
وته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند كه "زۆربه‌ی ئه‌و ماددانه‌ی ده‌هێنرێنه هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌برێن و هه‌رێم وه‌كو ترانزێت به‌كارده‌هێنرێت."
به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر له عێراق و هه‌رێمی كوردستان هێنده ڕووی له هه‌ڵكشان كردووه، ڕۆژانه ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق و هه‌رێم ده‌ستگیركردنی گروپ و باندی مادده‌ی هۆشبه‌ر ڕاده‌گه‌یه‌نن.
به‌پێی ئامارێكی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، له ماوه‌ی مانگه‌كانی 3 ی 4 ی ساڵی 2024دا، ده‌ستگیركراوه به‌سه‌ر نیو تۆن مادده‌ی هۆشبه‌رو 750 كیلۆگرام حه‌بی بێهۆشكه‌ردا، هه‌روه‌ها ده‌ستگیركراوه به‌سه‌ر 349 پارچه چه‌كی گروپه‌كانی بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ردا.
هه‌ر به پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، له ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌دا نزیكه‌ی سێ هه‌زار فرۆشیارو به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون، له‌لایه‌ن دادگاكانی عێراقیشه‌وه سزای له‌سێداره‌دان و سزای زیندانیكردنی هه‌میشه‌یی بۆ 1500 بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ركراوه.
PM:08:07:21/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 584
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت