وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف ئامارێكی‌ نوێی‌ حاجییانی‌ كۆچكردوو و ده‌ستگیركراوانی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئامارێكی‌ نوێی‌ حاجییانی‌ كۆچكردوو و ده‌ستگیركراوانی‌ راگه‌یاند، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش نوێنه‌رێك بۆ سۆراغی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ داده‌نێت كه‌ به‌ڤیزای ساڵی گه‌شتی سعودیه‌یان كردووه‌ و بێ سه‌روشوێنن.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 21ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2024 وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ راسپارده‌ی د.پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف، د.سیروان عه‌بدولڕه‌حمان وه‌كو نوێنه‌ری وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت راسپێردراوه‌ بۆ به‌دواداچوونی سۆراغی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ به‌ڤیزای ساڵی گه‌شتی سعودیه‌یان كردووه‌، كه‌ هه‌ماهه‌نگی بكرێت له‌گه‌ڵ قونسولخانه‌ی عێراق له‌ شاری جه‌ده‌، بۆ ئاسانكاری و هاوكار كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی، كه‌ ونبوون یان مردوون یان گیراون".

وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف ده‌ڵێت: "تائێستا 19 هاوڵاتی كوردستان كۆچی دواییان كردووه‌ و ته‌رمه‌كانیان دۆزراوه‌ته‌وه‌".

وتیشی‌: "زیاتر له‌ 10 هاونیشتیمانی دیكه‌یش له‌شاری مه‌ككه‌ گیراون و به‌دواداچوونیان بۆكراوه‌ له‌گه‌ڵ پارێزه‌ری قونسوڵخانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات ئازادبكرێن".

راشیگه‌یاند كه‌ "تائێستا نزیكه‌ی 30 پاسپۆرتی كاتی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی، كه‌ له‌ شاری مه‌ككه‌ پاسپۆرته‌كانیان ونكردووه‌، دروستكراوه‌ و هه‌موو كارئاسانییه‌كیان بۆ كراوه‌".

وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌و لێژنه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كارئاسانی و به‌دواداچوونی هاوڵاتیانمان له‌ وڵاتی سعودیه‌".


PM:05:45:21/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت