گروپێكی شیعه‌ی عێراقی: مردنی حاجییانی ئه‌مساڵ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می سعودیه‌یه‌

‌ته‌وافی حاجیان به‌ ده‌وری كه‌عبه‌دا. وێنه‌: AFP

وێستگه‌نیوزـ

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا کە یەکێکە لە گرووپەکانی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" داوا دەکات پرسی حەج بە نێودەوڵەتی بکرێت و بەهۆی ژمارەی زۆری مردنی حاجییانی ئەم ساڵەوە، رەخنە لە سعودیە دەگرێت و بە "کەمتەرخەم" ناوی دەهێنێت.
 
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە لەلایەن ئەبو ئالا وەلائییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، راگەیه‌ندراوێکی لەبارەی وەرزی حەجی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە: "ژمارەی شۆکهێنەری قوربانیانی حاجییانی ماڵی خودامان بینی، کە بەهۆی کەمتەرخەمی و کەموکورتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە لە بەڕێوەبردنی ئەو رووداوە گرنگە گیانیان لەدەستداوە. ئەو بابەتە شکستێکی روونی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە گەورەیە، نیشاندەدات".
 
کەتیبەکانی سویدولشوهەدا، داوا دەکات سرووتی حەج بەنێودەوڵەتی بکرێت و وڵاتانی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەڕێوەبردنیدا بەشداربن: "ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی بێگوناهان کە بەهۆی کەمتەرخەمی و خراپ رێکخستنی هەموو ساڵێکەوە روودەدات".
 
ئەو گرووپە شیعەیە نموونە بە مەزارەکانی عێراق دەهێنێتەوە و دەڵێت: "عێراق کە ساڵانە سەردانە ملیۆنییەکان بۆ مەزارە پیرۆزەکانی رێکدەخات، دەتوانێت هاوکاریی لەو پێناوەدا بکات".
 
تا ئێستا نزیکەی 10 وڵات گیانلەدەستدانی لانیکەم هەزار و 89 حاجییان راگەیاندووە، حەج کە بە گوێرەی ساڵنامەی کۆچی کاتەکەی دیاری دەکرێت، ئەمساڵ کەوتە وەرزی گەرمای تاقەتپڕوکێنی سعودیەوه‌.
 
ئەم هەفتەیە، ناوەندی کەشناسیی سعودیە رایگەیاند، پلەی گەرمای مزگەوتی حەرام لە مەککە گەیشتووەتە 51.8 پلەی سیلیزی. 


PM:02:54:21/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت