وڵاتێكی دیكه‌ دانینا بە دەوڵەتی فەلەستیندا


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا رایگەیاند، لەسەر بنەمای پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، یەکسانی گەلان، سەروەری و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، کۆماری ئەرمینیا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا لە راگەیەندراوێکدا ئەمرۆ هەینى 21ی حوزه‌یرانی 2024، بڵاویکردەوە، دۆخی کارەساتبارانەی مرۆیی غەززە و ململانێی سەربازی بەردەوام یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکان پێویستی بە چارەسەر هەیە، کۆماری ئەرمینیا بە توندی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل و بارمتەگرتن رەتدەکاتەوە و دەچێتە پاڵ داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئازادکردنیان بەبێ مەرجی پێشوەختەی بارمتەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆماری ئەرمینیا پەیوەندی بە بڕیارنامەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کردووە، کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە دەکەن، بە دڵسۆزییەوە گرنگی بە دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزراندنی ئاشتەوایی هەمیشەیی لە نێوان گەلانی جوو و فەڵەستینییەکاندا دەدات".

ئەوەش هاتووە، "ئێمە لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا هەمیشە بانگەشەمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە و هەمەلایەنەی پرسی فەڵەستین کردووە و پشتیوانی لە پرەنسیپی (دوو دەوڵەت)ی چارەسەری ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین دەکەین، ئەمە تاکە رێگایە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دەتوانن ئاواتە رەواکانیان بەدیبهێنن".

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا، بە پشتبەستن بە ئەوانەی باسکران، پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی یەکسانی و سەروەری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان دووپاتدەکاتەوە و دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێت".

تا ئێستا بە ئەرمینیاوە 146 وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە، لە ئەمساڵدا ئیسپانیا، ئیرلەندا و نەرویج، باهاماس، ترینیداد و تۆباگۆ، جامایکا و باربادۆس، دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە.


PM:01:06:21/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت