نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی هاتنی مووچه‌ی مانگی ئایاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان


وێستگه‌نیوزـ

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم، وردبینی لیستی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تەواو بووە و وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر داوە و دوای جه‌ژن ره‌وانه‌ ده‌كرێت. 

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزه‌یرانی 2024، سه‌رچاوه‌یه‌ك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگه‌یاند: سەرجەم رێکارەکان و وردبینی لیستی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بۆ مانگی ئایار تەواو بووە و لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە پارەکە رەوانە نەکراوە.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، بڕیار وایە لەدوای رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە ناردنی پارەی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان بکرێت کە زیاتر لە 350 ملیار دینارە و لەگەڵ هاتنی پارەکە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

لەبارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانەوە باسی لەوە کرد، لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت و شاندی دیوانی چاودێڕی دارایی عێراقەوە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیراندا دەکرێت، بۆیە پێویست بە وردبینی ورد ناکات لە بەغدا.

ئەوەشی خستەڕوو، لەبەر ئەوەی وردبینی ناوێت، چاوەڕوان دەکرێت راستەوخۆ 24 کاتژمێر دوای ناردنی لیستەکە بۆ بەغدا پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆران رەوانە بکرێت.


PM:11:28:17/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 10744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت